Ozhin Jola
05 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2020
کەرکووک – AA
سەرچاوەیەکی ئەمنی لەکەرکووک رایگەیاند کە بە بڕیاری سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی، ھێزەکانی لیوای ٦١ی سوپای عێراق لەچوار بازگەی ھاتنە ناوەوەی پارێزگای کەرکووک کشانەتەوە و لە شوێنی ئەوان پۆلیسی ناوخۆی کەرکووک جێگیرکراون.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە کە باسی ھێزەکانی لیوای ٦١ ی سوپای عێراق لە ھەرچوار بازگەی نێوان کەرکووک - ھەوڵیر لە گوندی کەڵوڕ، کەرکووک - سلێمانی لەگوندی چیمەن ، ناحیەی لەیلان و ناحیەی تازە کشاونەتەوە و بازگەکانیان رادەستی پۆلیسی کەرکووک کردوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ژمارەیەکی کەم لەھێزەکانی لیوای ٦١ لەبازگاکان دەمێننەوە، ئەویش تەنھا بۆ وردبینی ناوی ئەو کەسانەی لەو بازگانەوە تێدەپەڕن، بەڵام بازگەکان لەلایەن بەشی بازگەکانی پۆلیسی کەرکووکەوە بەڕێوەدەبرێن".
ھێزەکانی لیوای ٦١ی سوپاس عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ لەجێی ھێزەکانی دژە تیرۆری عێراق ھاتنە شاری کەرکووک.
پێشتر ھێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق لە ناحیەکانی شوان، پردێ و قەزای دووبز و ناوچەی چیمەن کشانەوە و لە شوێنی ئەوان ھێزەکانی فیرقەی ھەشتی سوپای عێراق جێگیرکران .
رۆژی ھەینی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بڕیارى دابوو بە کشانەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەناو سەنتەری پارێزگای کەرکووک.