Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
21 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر، ئەنجامی کنە و پشکنینی گردێکی شوێنەواری لە هەولێر راگەیاند کە بە هاوبەشى لەگەڵ زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و بەشی شوێنەواری زانکۆی سەڵاحەدین لەماوەی شەش ساڵدا، بە شەش وەرزی جیاواز ئەنجامدرابوو.
لە دەرئەنجامی گەڕان و پشکنینی شوێنەکەشدا، پاشماوەیەکی گەورەی بیناسازیی کە لە خانوویەکی ئاسایی گەورەترە و لە پاشماوەی بیناسازیی بازرگانی دەچێت دۆزرایەوە لەگەڵ ژمارەیەک کەرەستە و پارچەی ئاسەواریی، هەروەها سێ ئێسکەپەیکەر دۆزراوەتەوە کە یەکێکیان ئێسکەپەیکەری ژنێکە کە لەگەڵیدا مۆرێک لە گۆڕەکەیدا بووە کە بۆ رێکخستنی کاری بازرگانی بەکارهاتووە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر، نادر بابەکر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "لە ماوەی شەش وەرزی کارکردندا لە هەولێر لە گردی لەشکر هەڵکۆڵینی شوێنەواری ئەنجام دەدەین، ئێستا دڵخۆشین بەو ئەنجامە باشەی لە وەرزی شەشەمدا توانیمان بەدەستی بهێنین، گردی شوێنەواری لەشکر کەوتووەتە شارۆچکەی کەسنەزان سەربە قەزای دەشتی هەولێر، کۆنترین سەردەم کە لەم گردە شوێنەوارییە تۆمارکرابێت، سەردەمی وەرکایە کە دەگەرێتەوە بۆ چوار هەزار و ٣٠٠ ساڵ پێش زایین".
گوتیشی: "بەشێکی زۆری ئەم گردە بەر شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر دەکەوێت بۆیە دەبێت بەزووترین کات دەست بکەین بە هەڵکۆڵینین شوێنەواری بۆ ئەو بەشەی گردەکە کە ماوە هێشتا هەڵکۆڵینی بۆ نەکراوە بەتایبەت لە تەبەقەی خوارەوە کە لێکۆڵینەوەی تەواوی لەسەر کراوە و پێمانوایە هیچ کێشە نابێت ئەگەر دەست بە هەڵکۆڵینی فریاگوزاری لەو شوێنەدا بکەین".
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر، نادر بابەکر راشیگەیاند "لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا، لەم گردە شوێنەوارییەدا لە چوارگۆشەکانی یەک و سێ و ١١ هەڵکۆڵینی شوێنەواری ئەنجامدراوە، بەڵام زۆرترین کار لە چوارگۆشەی یەک کرا، چونکە رێگای ستراتیجیی ١٥٠ مەتری هەولێر بەو چوارگۆشەیەدا دەڕوات، شەقامی ١٥٠ مەتری ئەو دوو بەشەی پرۆژەکە کە تاوەکو ئێستا جێبەجێ کراوە هیچ شوێنەوارێکی لێ نەبوو، بەڵام بەشی سێیەم و چوارەم ئەگەر دروست بکرێت نزیکەی ١٥ شوێنی شوێنەواری بەردەکەوێت، بۆیە لەئێستاوە دەبێت هەموومان شتێک بکەین بتوانین کاری هەڵکۆڵینی بەپەلەی شوێنەواریی بۆ ئەو ناوچانە ئەنجامبدەین، یەکێکیش لەو شوێنانە ئەم گردی لەشکرەیە کە نیوەی گردەکە بەر شەقامەکە دەکەوێت".
دواتریش سەرۆکی تیمی شوێنەواری زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، پرۆفیسۆر میگێڵ مۆلیست دەربارەی ئەنجامی کنە و پشکنینەکەیان و ئەو شوێن و پارچە شوێنەوارییانەی دۆزیویانەتەوە رایگەیاند "ئێمە ماوەی هەشت ساڵە لێرە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار کاردەکەین، هەشت ساڵ ماوەیەکی زۆرە، بەڵام پڕدەستکەوت بووە لەڕووی زانیاری گرنگی شوێنەوارییەوە، ئێمە شوێنكی بچووکمان لەڕووی قەبارەوە هەڵبژارد بۆ ئەنجامدانی ئەم کنە و پشکنینەی ئێستا ئەنجامەکەی رادەگەیەنین، بەڵام گرنگ لەڕووی مێژوویی و شوێنەوارییەوە کە ئەویش گردی لەشکرە کە زۆر گرنگە بۆ ناوچەکە لەڕووی مێژووی شوێنەوارییەوە، لەم گردە ماوەی شەش وەرزە هەڵکۆڵینی شوێنەواریی دەکەین لە ئەنجامدا کۆمەڵێک پارچەی ئاسەواری زۆر گرنگ و نایابمان دەستکەوتووە لەگەڵ کۆمەڵێک چینی شوێنەواری گرنگ کە تایبەتن بە ژیان لەسەر گردەکە لە سەردەمی وەرکاوە کە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش زایینەوە لەو شوێنە ژیان هەبووە هەتاوەکو سەردەمی هەزارەی یەکەمی پێش زایین کە ئەمە زۆر گرنگە بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژووی هەولێر و کوردستان".
گوتیشی: "ئەنجامی ئیشکردنی وەرزی ئەمساڵمان کە ئێستا دەیناسێنین بریتیی بوو لە ئیشکردن لە سەردەمی چاخی برۆنزی کە بەسەردەمی نەینەوا پێنج ناسێندراوە کە لەڕووی ماوەی مێژووییەوە زۆر دوور و درێژ نییە، بەڵام لەڕووی گرنگیی سەردەمەکەوە کە سەرەتای سەرهەڵدانی شارەکان بووە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەو شارانەی کە لە سنووری هەولێر هەبوون".
گردی لەشکر دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی کەسنەزان، بەرزی گردەکە ١١ مەترە، کۆنترین سەردەمی گردەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی وەرکا کە نزیکەی چوار هەزار و ٣٠٠ ساڵ پێش زایین دەکات تاوەکو هەزارەی یەکەمی پێش زایین.
لە ئەنجامی کنە و پشکنینی گردەکە، پاشماوەیەکی گەورەی بیناسازیی ئەو سەردەمە دۆزراوەتەوە کە شێوازی بیناسازییەکی گەورە نیشان دەدات کە گەورەترە لە خانوویەکی سادە، هەروەها ئێسکەپەیکەری سێ کەس دۆزراوەتەوە کە یەکێکیان ئێسکە پەیکەری ئافرەتێکە کە لەگەڵیدا مۆرێکی فەرمی دۆزراوەتەوە کە بۆ رێکخستنی کاروباری بازرگانیی بەکارهاتووە، وا دەردەکەوێت ئەم ژنە کەسێکی دەسەڵاتدار و گرنگی ناوچەکە بووبێت.
ئەوەی لەم شوێنەوارە بەدیکراوە زیاتر لە پاشماوەی بیناسازییەکی بازرگانی دەچێت کە بۆ رێکخستنی پەیوەندی بازرگانیی لەنێوان شارەکانی دیکەی سنووری هەولێر بەکارهاتووە.
لەم شوێنە شوێنەوارییەدا، چەندین کەرەستەی ئاسەواری کۆنیش دۆزراوەتەوە کە کەلوپەلی رۆژانەی ئەو کەسانەن کە لەم شوێنەدا ژیاون و بەکاریانهێناوە.