Heman Hussein Yaseen
15 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2023
هەولێر - AA
بڕیارە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەم، پڕۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق بە پارێزگای کەرکووکیشەوە بەڕێوەبچێت کە تیاییدا پێنج هەزار و ٩٠٤ بەربژێر کە چوار هەزار و ٢٤٢ بەربژێر لە ڕەگەزی نێر و هەزار و ٦٦٢ لە ڕەگەزی مێن، پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی ٢٨٥ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە ٧٥ کورسی لەو ژمارەیە تایبەتە بە ئافرەتان و ١٠ کورسیش بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە.
- پارت و هاوپەیمانییەکان لەم هەڵبژاردنەدا
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ٣٨ هاوپەیمانی و ١٦٣ پارت و بەربژێری سەربەخۆ، پێشبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٢٨٥ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن و تیاییدا ١٦ ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە و، ١٧ ملیۆن کاغەزی دەنگدان چاپکراوە و ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەش لە ٤٨ هەزار وێستگە پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت کە بەسەر حەفت هەزار و ٧٦٥ بنکە دابەشبووە.
- دابەشبوونی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکاندا
لە کۆی ٢٨٥ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ٧٥ کورسی بۆ ئافرەت و ١٠ کورسیش بۆ پێکهاتەکان دیاریکراوە و ژمارەی کورسیی ئەنجوومەنەکەش لە پارێزگاکان بریتین لە ٤٩ کورسی لە پارێزگای بەغدا، ٢٦ کورسی لە پارێزگای نەینەوا، ٢٢ کورسی لە پارێزگای بەسڕە، هەریەک لە پارێزگاکانی بابل و زیقار ١٨ کورسی، هەروەها ١٦ کورسی لە پارێزگای ئەنبار، هاوکات ١٥ کورسی بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی نەجەف، سەڵاحەددین، کەرکووک و، دیالە دیاریکراوە، ١٤ کورسیش بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی واست و قادسیە و، ١٣ کورسیش بۆ پارێزگاکانی کەربەلا و میسان، هەروەها ١٢ کورسیش بۆ پارێزگای موسەننا تەرخانکراوە.
هاوکات لەو ٧٥ کورسییەی بۆ ئافرەتانیش دیاریکراوە، دابەشبووە بەسەر پارێزگاکانی عێراق بە شێوەیەک، ١٣ کورسی بۆ پارێزگای بەغدا، حەفت کورسی بۆ پارێزگای نەینەوا، شەش کورسی بۆ پارێزگای بەسڕە، هەریەک لە پارێزگاکانی زیقار و بابل پێنج کورسی، هەریەک لە پارێزگاکانی ئەنبار، قادسیە، دیالە، نەجەف، سەلاحەددین، کەربەلا، کەرکووک، میسان و واست چوار کورسی، سێ کورسیش بۆ پارێزگای موسەننا.
- ١٠ کورسی پێکهاتەکان
هاوت ٣٨ بەربژێری پێکهاتە جیاوازەکانیش لە پڕۆسەکە کێبڕکێ لەسەر ١٠ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن بە جۆرێک ١٦ بەربژێر لە پێکھاتەی کریستیان، ١٣ بەربژێر لە پێکھاتەی کوردە فەیلییەکان، پێنج بەربژێر لە پێکهاتەی شەبەک و چوار کەسیش بۆ ئێزدییەکان خۆیان بەربژێر کردووە و ئەوانیش بەم شێوەیە تەرخانکراون کە، سێ کورسی لە پارێزگای بەغدا بۆ فەیلی، کریستیان و سابئەی مەندایی، هەروەها سێ کورسی لە پارێزگای نەینەوا، بۆ شەبەک، کریستیان و ئێزدی، هەروەها یەک کورسی لە پارێزگای کەرکووک بۆ پێکهاتەی کریستیان، یەک کورسی لە پارێزگای بەسڕە بۆ پێکهاتەی کریستیان، یەک کورسی لە پارێزگای میسان بۆ سابئیە و یەک کورسیش لە پارێزگای واست بۆ فەیلییەکان.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکان زۆرترین ململانێی هەڵبژاردنەکە کەوتووەتە ئەو ناوچانەی کە بە ناوچە جێناکۆکەکان (سنووری ماددەی ١٤٠)ناسراوە، ململانێکانیش لە نێوان هەر سێ پێکهاتەی کورد، عەرەب و تورکمانە.
هەروەها بەپێی ئاماژەکان براوەی هەڵبژاردن لە پڕۆسەیەدا لە پارێزگاکانی باشووری عێراق دەبێت کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی شیعە مەزهەبن.
پڕۆسەکە تەنیا لەناوخۆی عێراق بەڕێوەدەچێت و، هاوکات ئەو ئاوارانەش بەشداری پڕۆسەکە دەکەن بە هۆی دۆخی سیاسیی و ئەمنییەوە لە کەمپەکانی هەرێم نیشتەجێن و تیاییدا حەوت بنکەی دەنگدان لەو کەمپانە دادەنرێت.
- چاودێر و نوێنەری پارتە سیاسییەکان
بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ٨٧ چاودێری نێودەوڵەتی و زیاتر لە ٣٣ ھەزار چاودێری ناوخۆ، زیاتر لە پێنج ھەزار بریکاری پارتە سیاسییەکان چاودێری پڕۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.
لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (٤)ـی ساڵی ٢٠٢٣ کە تایبەتە بە ھەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (١٢)ـی ساڵی ٢٠١٨، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە ٤٩ کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە ٢٦ کورسی و پارێزگای بەسرەش ٢٢ کورسی ھەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی ھەر ١٥ پارێزگاکە بریتییە لە ٢٨٥ کورسی و ٧٥ کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان و ١٠ کورسیش تایبەتە بە پێکهاتەکان.
.