Zana Natık Kerem
02 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2024
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند کە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە پارێزگای بەسرە، شەش قوتابی گیانیان لەدەستداوە و ١٠ی دیکەش برینداربوون و ھاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەسەی کە ھۆکاری ڕووداوەکە بووە دەستگیرکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە لە پارێزگای بەسرە بارھەڵگرێک لە ژمارەیەک قوتابی داوە و لە ئاکامدا، شەش قوتابی گیانیان لەدەستداوە و ١٠ی دیکەش برینداربوون.
لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، میقداد میری لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە پاریزگای بەسرە، شۆفێری بارھەڵگرێک دەستگیرکراوە کە لە ژمارەیەک قوتابی داوە و لە ئاکامدا، شەش قوتابی گیانیان لەدەستداوە.
ڕاشیگەیاندووە کە بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە بەراییەکاندا، شۆفێری بارھەڵگرەکە دانی بەوەداناوە کە بەھۆی ئەوەی برێکی بارھەڵگرەکەی تێکچووە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە و دواتر ڕووداوەکەی لێكەوتووەتەوە.