Arif Yusuf,Zana Natık Kerem
05 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2019
بەسرە ــ AA
رێگای هاتوچۆكردن لە خاڵی سنووریی سەفوان كە لە باشووری پارێزگای بەسرەوە، عێراق بە كوێت دەبەستێتەوە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرا و، لە لایەكی دیكەوە خۆپیشاندەران رایدەگەیەنن كە جارێكی دیكە دەروازەكانی بەندەری ئوم قەسریان كۆنتڕۆڵكردەوە دوای ئەوەی بۆ چەند كاتژمێر لە لایەن سوپاوە كۆنتڕۆڵكرابووە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەدان خۆپیشاندەر رێگای هاتوچۆکردنیان لە خاڵی سنووریی سەفوان داخستووە كە لە باشووری پارێزگای بەسرەوە، عێراق بە كوێت دەبەستێتەوە".
لە لایەكی دیكەوە خۆپیشاندەران لە بەسرە رایانگەیاند كە جارێكی دیكە بەندەری ئوم قەسریان كۆنتڕۆڵكردەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند كاتژمێر لە لایەن سوپاوە كۆنتڕۆڵكرابووە.
لەوبارەوە خۆپیشاندەرێك بە ناوی یاسر عەبدلی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی دوێنێ هێزێكی زۆری پشتیوانی سوپا گەیشتنە بەندەری ئوم قەسر هەوڵیاندا بەندەرەكە بكەنەوە بەڵام رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لە نێوان هێزەكە و خۆپیشاندەراندا روویدا".
یاسر عەبدلی گوتیشی: "لە میانی رووبەڕووبوونەوە و پێكدادانەكەدا، هێزەكانی سوپا تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە كە بەهۆیەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر كوژراون و برینداربوون".
ناوبراو گوتیشی: "خۆپیشاندەران دووبارە دەروازەكانی بەندەری ئوم قەسریان كۆنتڕۆڵكردەوە دوای ئەوەی هێزەكانی سوپایان ناچاركرد لە دەروازەكاندا بكشێنەوە".
دوێنێ دووشەممە حكوومەتی عێراق، هێزی پشتیوانی رەوانەی بەندەری ئوم قەسر كرد بە ئامانجی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكانی بەردەم بەندرەكە.
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووە بە هۆی خۆپیشاندانەكانەوە دەروازەكانی بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە داخراوە.
بەندەری ئوم قەسر دیارترین بەندەری بەسرە و گەورەترین بەندەری عێراقە، لەو بەندەرەوە رۆژانە بڕێكی زۆر كاڵا و كەلوپەلی جۆراوجۆر ھاوردەی عێراق دەكرێت.