Heman Hussein Yaseen
14 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2026
سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٨ ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە بە خەمێکی قوڵەوە یادی ئەم ئازار و تاوانانە دەکەنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێڕاق محەمەد شیاع سوودانی لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە: "بە خەمێکی قووڵ و بەبیرھێنانەوەیەکی پڕ لە ئازارەوە یادی ٣٨ ساڵەی ئەو تاوانە ڕەگەزپەرستانە دەکەینەوە، کە لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری لە ناوچوو و باندە تاوانکارییەکانیەوە دژ بە ڕۆڵەکانی گەلی کوردمان لە "شاڵاوە دڕندەکانی ئەنفال"ـدا ئەنجام دران".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ھاتووە: "لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و پێش زیاتر لە سێ دەیە گەلی کوردی ئاشتیخوازمان لە شار و شارۆچکە و گوندەکان ڕووبەڕووی قێزەوەنترین شێوەی کوشتن و ئەشکەنجە بوونەوە، بەدەر لە ھەموو بەھا و داب و نەریت و یاساکان".
سەرۆکوەزیرانی عێڕاق سوودانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا نوسیوویەتی: "ھاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە لە دژی ڕۆڵەکانی گەلی کوردمان، ئەمڕۆ شانازی بە یەکڕیزی وڵاتەکەمان و برایەتی پێکھاتە و نەتەوە ھەمەچەشنەکانیەوە دەکەین، لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراسی و دەستووری و فرەییدا، کە ھەموو عێراقییەکان بە شکۆمەندی و ئازادی و بەبێ ھیچ جیاوازی و بەئامانجگرتنێک لە سایەیدا دەژین".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ٣٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شاڵاوی ئەنفال کە کۆمەڵکوژیی کوردانی باکووری عێراق بوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی عێراق لە میانی ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ بە ھەشت قۆناغ ئەنجامدرا و تێیدا ١٨٢ ھەزار کەس بێسەروشوێن یان زیندەبەچاڵ کران کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
لە ئاکامی شاڵاوی ئەنفالدا چوار ھەزار و ٥٠٠ گوند خاپوور کران و، دانیشتوانی زۆرێک لە گوندەکانی باکووری عێراق بە زۆرەملێ ئاوارە و دەربەدەران، ئەوەیش قەیرانێکی گەورەی پەنابەری لە ناوخۆی عێراق و لە وڵاتانی دراوسێ دروستکرد.