Zana Natık Kerem
08 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بەسەردانێک گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق.
میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە کە ئیسماعیل قائانی، دوای گەیشتنی بۆ بەغدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بە ئامانجی ھیۆرکردنەوەی رەوشەکە دوای ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئەنجامداوە.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق، ھیچ زانیارییەکیان لەبارەی دەنگۆی سەردانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بۆ بەغدا بڵاونەکردووەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە سوپای عێراق رایگەیاندبوو کە لە رێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرش کراوەتە سەر ماڵی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.
ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی ئیدانەکرا.
بەر لەوەی ھێرشەکە ئەنجام بدرێت، ژمارەیەک لە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی شیعە نزیک لە ئێران رایگەیاندبوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەرپرسە لەو پێکھەڵپژانانەی کە رۆژی پێنجی ئەم مانگە لە نزیک ناوچەی سەوز لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی ناڕەزایی لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان رووی دا و بەھۆیەوە خۆپیشاندەرێک کوژراو و ژمارەیەک خۆپیشاندەر و کارمەندی ئەمنیش برینداربوون.