Heman Hussein Yaseen
14 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر و شاندی یاوەری.
ماڵپەڕی فەرمیی مەسعود بارزانی بڵاوی کردووەتەوە لە دیدارەکەدا کە کۆنسولی نوێی ئەمریکا لە ھەولێر، رۆبێرت واڵەر ئامادەی بووە، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سڵاوی تایبەتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ بە مەسعود بارزانی راگەیاندووە و جەختیشی لە دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکەی و ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە و راشیگەیاندووە کە ھەرێمی کوردستان لەناو ناوەندە گرنگەکانی بڕیاری ئەمریکا، جێگەی بایەخێکی تایبەتە.
ئاماژە بەوەیش کراوە کە ماتیۆ تولەر ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئەمریکا دەیەوێت لە چوارچێوەی دیاڵۆگی ستراتیجییدا یارمەتیی دۆستەکانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەھێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە شاندی میوان تەئکیدیان لەسەر بەردەوامیی ھەماھەنگی وڵاتەکەیان بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووەتەوە.
هەروەها ئاماژە بە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە کراوە و ھاتووە، وێڕای جەختکردنەوە لە دۆستایەتیی نێوان گەلی کوردستان و ئەمریکا، مەسعود بارزانی سوپاسی دامەزراوە و ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکای کردووە کە بە بایەخەوە سەیری بارودۆخ و پێگەی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ھەروەھا ھیوای سەرکەوتنیشی بۆ کۆنسولی نوێی ئەمریکا خواستووە لە ئەرک و کارەکانیدا.
باسی لەوەیش کردووە کە بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و تەحەددیاتی بەردەم حکوومەتی عێراق و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، ھەروەھا لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر رەھەندە ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی کۆمەڵگا تەوەری دیکەی دیدارەکە بوون.