Sarmand Hameed
15 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2021
هەولێر- AA
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە بارەگای بارزانی بڵاوکراوەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا، دوای ھەڵسەنگاندنی دۆخی گشتیی و پرسە هەنووكەییەكان، جەخت لە یەکڕیزیی نیشتمانیی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، خزمەتکردنی خەڵكی كوردستان کرا.
بە پێی ئەم هەواڵ، "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قۆناغی نوێی عێراق و دوای ھەڵبژاردنەکان ھەڵوەستەی لەسەر کرا و گرنگی یەک گوتاری کورد لە بەغدا بۆ بە پێویست زانرا و پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد دووپاتکرایەوە و جەختکرایەوە لەسەر پرۆژەیەکی ھاوبەشی نیشتمانیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆ کۆی پرسە سیاسییەکان و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەشی هەردوولا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق و چەسپاندنی پڕەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و جێبەجێكردنی داواكاریی هاووڵاتییان و بەدیهێنانی سەقامگیریی".