Sarmand Hameed
25 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی، مەسعود بارزانی رایگەیاند، ئەنفالی بادینان درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو كە لە سەدەی رابردوو دژی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و تەواوی كوردستان بەڕێوەچوو.
مەسعود بارزانی لە یادی ٣٣ ساڵەی ئەنفالی بادیناندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "سی و سێ ساڵ لەمەوبەر رژێمی پێشووی عێراق لە تاوانێكی تر و لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی رووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و راگواستن كردەوە. لە و تاوانەدا حكوومەتی عێراقی سەدان هەزار هێزی پڕچەكی لەدژی دانیشتوانی بێتاوانی بادینان بەكار هێنا".
مەسعود بارزانی راشیگەیاندووە "ئەم تاوانە درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو كە لە سەدەی رابردوو دژی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و تەواوی كوردستان بەڕێوەچوو".
لە بەشیکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستاندا ئەوەش هاتووە "دوژمنانی گەلی كوردستان بەبەرچاوی هەموو جیهان پێشكەوتووترین چەك و قێزەوەنترین سیاسەتیان بۆ قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كوردستان بەكارهێنا، بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی رەوا بوو و لەبەرانبەر ئەم جینۆساید و كۆمەڵكوژی خۆی بەدەستەوەنەدا و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو. ئەمە وانەیەكی پڕمانایە هەم بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان و هەمیش بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلی كوردستان".
مەسعود بارزانی پێداگری لەسەر مافە گەلی کورد کردووەتەوە و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات كە دەرهەق بە کورد كراوە.