Heman Hussein Yaseen
01 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2023
ههولێر - AA
حکوومەتی ناوەندیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر شێوازێکی نوێی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن.
ھەفتەی رابردوو دووجار شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ھەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لەبارەی راگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان، سەردانی بەغدایان کرد.
بەپێی زانیارییەکان، دوێنێ ھەینی لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لە نێوان شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی بەرایی ھاوبەش بۆ فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و لە چەند رۆژی داھاتووشدا چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەدەچێت.
ھەر بەپێی زانیارییەکان لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە ئاماژە بەوەکراوە کە لەمەودوا نەوتی ھەرێمی کوردستان بەو نرخە دەفرۆشرێت کە کۆمپانیانی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی عێراقی پێ دەفرۆشێت.
تا ئێستا وردەکاریی رێکەوتننەکە لە لایەن هەردوو حکوومەتەکە بە فەرمی بۆ رای گشتی رانەگەیەندراوە.
رۆژی ٢٥ی ئادار، دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکوومەتی حەیدەر عەبادی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا تۆمارکرابوو، بڕیاریدا کە ھەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا ناتوانێت نەوت بفرۆشرێت و دوای بڕیارەکەش ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان راگیرا و ئەمەش کاردانەوەی نێوخۆیی لە ھەرێمی کوردستان لێکەوتەوە.
ھەفتەی رابردوو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی نامەیەکی لەمبارەیەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی نارد و ھاوکات سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ ھەمان مەبەست پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سوودانی ئەنجامدابوو.
ھاوکات رۆژی ٢٨ی ئادار، وەزارەتی وزەی تورکیا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە دادگاکە زۆرینەی داواکارییەکانی تورکیای قبوڵکردووە و لە کۆی پێنج داواکاریی عێراقیش چوار داواکاری رەتکردووەتەوە.
وەزارەتی وزەی تورکیا جەختی لەسەر ئەوەش کردبووەوە کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس، زۆربەی داواکارییەکانی تورکیای قبوڵکردووە و بڕیاریداوە عێراق قەرەبووی زیانەکانی ئەو وڵاتە بکاتەوە.