Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
05 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەی تووشبووان 51 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هاتووە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 829 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارە لە دهۆک بووە بە 352 تووشبوو، 337 لە هەولێر، 84 لە سلێمانی، 29 لە گەرمیان و لە پارێزگای هەڵەبجەیش 27 تووشبوو.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 382 کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە کە زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە 182 کەس، 118 کەس لە هەولێر، 27 کەس لە سلێمانی، 24 کەس لە گەرمیان و لە هەڵەبجەیش 31 کەس.
هەروەها لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 21 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترین ژمارەیان لە سلێمانی بووە بە هەشت کەس، حەوت کەس لە هەولێر و شەش کەسیش لە دهۆک.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، 492 هەزار و 55 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، 51 هەزار و 77 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە.
لەو ژمارەیەش تا ئێستا، 32 هەزار و 378 کەسیان چاکبوونەتەوە و 16 هەزار و 852 کەسیش لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەزار و 847 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.