Sarmand Hameed
02 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و کۆنسوڵی گشتیی چین لە ھەولێر، نی رۆکی و دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومی، لە رێورەسمێکدا لە کەمپی ئاوارەکانی ھەرشەم لە شاری ھەولێر، بەمەبەستی پێدانی ھاوکاریی مرۆیی لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کۆنسوڵخانەی وڵاتی چین لە ھەولێر، هەزار و ٥٢٠ پاکێج جلوبەرگ و پێداویستیی مرۆیی بەسەر ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپی ناوبراو دابەشکرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پارێزگای هەولێر بڵاوکراوەتەوە، ئومێد خۆشناو دوای واژووکردنی وەرگرتنی ئەو کەلوپەل و پێداویستیانە لە کۆنسوڵی چین لە ھەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن باسی لەوە کرد کە وڵاتی چین لە ھەموو روویەکەوە ھاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ھاوکاریی هەرێمی کوردستان بووە و نزیکەی یەک ملیۆن ماسک و ٢٣٠ ھەزار ژەمە ڤاکسینی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین کردووە، گوتیشی: "ھەروەھا کۆنسوڵخانەی وڵاتی چین یەکەمین کۆنسوڵخانە بووە کە ھەر لەسەرەتای کردنەوەی کەمپەکان پێداویستی سەرەتایی و پشتیوانی ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، بۆیە بەناوی پارێزگای ھەولێر وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ھەموو ھەوڵەکانی کۆنسوڵخانەی وڵاتی چین لە ھەولێر، سوپاس و دەستخۆشیش بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی کە ھەمیشە بەشێکە گرنگی ئەو خزمەتانەبوونە کە پێشکەش بە خەڵکی ئەو کەمپانە کراوە".
پارێزگاری ھەولێر راشیگەیاند: "ھەمیشە ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای ھەولێر لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی بەو ھەماھەنگییەی کە ھەیە بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ئاوارە و لێقەماوانی کەمپەکان سوپاسی ھەموو کۆنسوڵخانە و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ھەموو ئەو رێکخراوانە دەکەین کە ھاوکاربوونە، بەلام رێکخستنی ئەو کارانە و گەیاندنی ئەو خزمەتگوزارییانە و جێبەجێبوونی پێداویستییەکان ئەگەر تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی ھاوکار و ھەماھەنگ نەبوونایە لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بەدڵنیاییەوە وەکو پێویست نەدەتوانرا خزمەتی ئەو کەمپانە بکرێت".
ئومێد خۆشناو سەبارەت بە بڕیاری حکوومەتی عێراق لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر زێدی خۆیان، گوتی: "جارێکی تر تەئکید لەوە دەکەینەوە کە جیاوازی دیدگای جەنابی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دیدگای ئێمە لە حکوومەتی ھەرێم لەبارەی ئاوارەکانی کەمپەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ئەو بڕیارانەی کە حکوومەتی عێراقی داویەتی سەبارەت بەگەڕانەوەی ئاوارەکان ئەوەیە، ئێمە لایەنە مرۆییەکەمان رەچاووکردووە و پێمان وایە ئەو ھۆکارانەی کە بوونە ھۆی ئاوارەبوونی ئەو خەڵک و بەجێھێشتنی ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان ھێشتا ماوە، بۆیە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئاوارە و پەناھەندەکان نین بەزۆرەملێ، بەڵکو لەگەڵ ئەوەداین پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت و ھۆکارەکانی ئاوارەبوونیان چارەسەربکرێت تاوەکو بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، تاوەکو لێرەشبن ئێمە بەدڵنیاییەوە لە چوارچێوەی ئەو توانایە دیاریکراوەی کە ھەمانە بە ئەرکی خۆمان دەزانین خزمەتی ئەو ئاوارە و لێقەوماوانە بکەین، ئەمەش ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆییە و بەشانازییەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرتوویەتیە ئەستۆ، بەو ھیوای ئەوەی ئەو ھۆکارانەی وایکردووە ئەو خەڵکە ئاوارەبن چارەسەربکرێن تاوەکو بە ئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان".