Rewa Mahmood Hasan
02 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی، پرۆژەی سلێمانی بیست بیستی بەسەرکردەوە.
ئەمڕۆ دووی ئەیلولی ٢٠٢١، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بەشێوەیەكی مەیدانی كۆگاكانی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی بەسەرکردەوە لەنێو پرۆژەی سلێمانی بیست بیست لە نزیک گوندی ژاڵەی سەروو سەربە ناحیەی تانجەرۆ.
دوای ئەوەی کە قوباد تاڵەبانی تەواوی بەش و یەکەکانی کۆگاکەی بەسەرکردووە، لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان دا و گوتی: "بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی لەو پڕۆژانە دەكەین كە خزمەتی هاووڵاتییان دەكات، هەوڵدەدەین پارێزگای سلێمانی بكەینە ناوەندێكی گەورەی بازرگانی و بەرەوپێشبردنی كەرتی ئابووری لە عیراق، ئیرادەی بەهێزمان هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان و كاردەكەین بۆ پشتیوانیكردنی دەستی كار".
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە بارەی گرنگی پرۆژەکەوە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان لە سنووری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند کە ئەم پرۆژەیە، پێنج هەزار هەلی كار دابین دەكات و بێكاری بەشێوەیەكی باش كەم دەكاتەوە.
قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گرانی بەنزین کە ماوەیەکە شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە گوتی: "لە عێراق حکوومەت پاڵپشتی نرخی بەنزین دەکات، بەڵام ئابووری حکوومەتی هەرێم لەو ئاستەدا نییە بتوانین ئەوە بکەین، بەڵام کارئاسانی دەکەین بۆ ئەوەی ئەو بەنزینەی لە دەرەوە دێت بەتێچویەکی کەمتر بێت. دەبێت هاوسەنگی ڕابگرن لەنێوان تێچووەکە و کوالیتیەکەی، چونکە هەندێک بازرگان هاتوون بەنزینیان بە کوالێتییەکی خراپ هاوردە کردووە و هەندێک ماددەی تێدەکەن بۆ ئەوەی ئۆکتانی بەرزبێتەوە، بەڵام ئێمە رێگە بەو فرتوفێڵە نادەین و لەگەڵ عێراق رێککەوتووین کە بەنزینێکی زیاتر بنێردرێتە هەرێم، رسوماتیشمان لەسەر هاوردەکردنی بەنزین کەمکردووەتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی هەرزانبوونی نرخەکەی".
پڕۆژەی (سلێمانی بیست بیست) چەند شارێکی نیشتەجێبوون، ژمارەیەک کارگە، ناوچەی پیشەسازیی، گەنجینەکان، عەلوەی سلێمانی، ژمارەیەک خوێندنگە و نەخۆشخانەیەك لەخۆدەگرێت و لەسەر رووبەری ٢٢ هەزار دۆنم دروست دەکرێت، ئامانجیشی رێکخستنەوەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی و رەخساندنی ژمارەیەکی زۆر هەلی کار و بەهێزکردنی بواری بازرگانی و لۆجستییە کە بە هاوبەشی لەنێوان حکوومەت و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت.