Fakhradin Ibrahim Mohammad
05 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دوا زانیاری لەبارەی پەلامارەکەی پەکەکە بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە و رادەگەیەنێت کە "پەکەکە رێز لە سنوور و سەروەری خاکی کوردستان بگرێت و شەڕ لەماڵی کورد و هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە".
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "لە ئەنجامی پەلامارەکەی ئەمڕۆ ٥ی حوزەیرانی ۲۰۲۱ لە چیای مەتین ـ سنوری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێکی پ.ک.ک وە دەستدرێژییەکی بێ پاساویان کرایە سەرو لەئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربوون".
وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "لەم هێرشەدا هێزەکانی پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه" و دەڵێت، "لەکاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەبووە، وەک هەر ناوچەیەکی تری سنووری هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جوڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات".
داواش کراوە کە لە هێزەکانی پەکەکە رێز لە سنوور و سەروەری خاکی کوردستان بگرێت و شەڕ لەماڵی کورد و هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: "ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، سەرکۆنەی توندی ئەم پەلامارە دەکەین و هۆشداریش دەدەین، کە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان، رەوشی لەوجۆرە ناخوازێت و دەبێ دەستدرێژییەکانی پەکەکە و هەموو پەلامارو دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێم و هێزی پێشمەرگە رابگیرێت، کە ئەرکی سەرەکی پێشمەرگە لەئێستادا پاراستنی خاکی هەرێم و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشە".