Fakhradin Ibrahim Mohammad
01 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2026
وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خوزەیر بە سەرۆکایەتی شاندێکی پایەبەرزی وڵاتەکەی گەیشتە تورکیا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە، وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خوزەیر بە مەبەستی واژووکردنی ڕێککەوتننامەی گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق بۆ تورکیا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، سەردانی تورکیای کردووە.
ڕۆژی ٩ی تەمووز وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپارسڵان بایراکتار لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، باسم خوزەیر کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند کە، "ھەڵسەنگاندنمان بۆ تەوەرەکانی ئەو ھاریکارییانە کرد کە دەتوانین لە بوارەکانی نەوت و غازی سروشتیدا پەرەیان پێبدەین، بەتایبەت ھێڵی بۆری نەوتی خاوی عێراق-تورکیا".
بایراکتار دواتریش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە "گواستنهوهی نەوت لە عێراقەوە بۆ جەیهان بەردەوام دەبێت" و جەختیشی لەوە کردبوویەوە کە سەرقاڵی دارشتنەوەی ڕێککەوتنێکی نوێن لەگەڵ عێراق بۆ بەردەوامیدان بە ڕەوتی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا.
هاوکات وەزیری نەوتی عێراق باسم محەمەد خوزەیر ڕۆژی ٢٢ی تەمووز ڕایگەیاندووە، توانای وڵاتەکەی لە بەرھەمھێنانی نەوت، چوار ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا تێپەڕاندووە و گوتیشی: "دانوستانیان لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ھێڵی جەیھانەوە دەست پێکردووە، ھەروەھا ھیچ ڕێگرییەک لە بەشداریی کۆمپانیا تورکییەکان لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکاندا لە عێراق بوونی نییە، پرۆژەکانی ھێڵی بۆڕییەکان بەرەو جەیھان و بانیاس و جێگرەوەی دیکەی جۆراوجۆر بۆ ھەناردەکردنی نەوت بەکاردەھێندرێت، بەتایبەت دوای ئەو قەیرانەی کە بە ھۆی داخستنی گەرووی ھورمزەوە بۆ ھەناردەی نەوتی عێراق دروست بوو".