Hawkar Yaseen
17 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەراسیمێکی تایبەتی بۆ یادکردنەوەی ئەو رۆژە رێکخست.
لە مەراسیمەکەدا وەزیری پێشمەرگە و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان ئامادەبوون.
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند "ئهمڕۆ بهشانازییهوه، بهڵێن دووپاتدهكهینهوه كه بۆ ههمیشه ئاڵای كوردستان به بهرزی رادهگرین، ئاڵا پێناسهو رهمزی ههر نهتهوهیهكه و ئێمهی كوردیش خاوهن ئاڵای تایبهتی خۆمانین کە بە خوێنی سەدان هەزار رۆڵەی کورد لە کچ و کوڕە قارەمانەکانمان بەدی هاتووە".
گوتیشی: "دهخوازم رۆژی ئاڵای کوردستان ھەمووان کۆبکاتەوە و بە یەکگرتوویی بەرامبەر ھەڕەشە و مەترسییەکانی ئێستا و داهاتوو بوەستینەوە، لەم دەرفەتەدا دووپاتی دەکەینەوە کە تەنها دیالۆگ و گفتوگۆ تاکە چارەسەرە بۆ كێشهو گرژییهكان، مێژوو سەلماندوویەتی بە ھێزو شەڕ ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت، بەڵکو کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و دەبێتە مایەی زیان و نەھامەتیی زیاتر، ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین و دەستی ئاشتی بۆ گەلانی عێراق و ناوچهكه درێژ دەکەین، ئامادەین بە ئاشتی و دیالۆگ و گفتوگۆ چارهسهری كێشهكان بكهین، بهڵام دوور لە زمانی ھێز و خۆسەپاندن".
دواتر وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەڵامی بەشێک لە پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە، لە بارەی گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی سەر سنووری هەرێمی کوردستان و سووریا، شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "ئێمە پەیامی خۆمانمان بەڕوونی گەیاندووە، هیوادارین هەموو لایەک دەرس و پەندی لە مێژوو وەرگرتبێت و بزانێت ئەم رووداوانە نە خزمەتی خۆیان دەکات نە خزمەتی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات نە خزمەتی ئایندەی کوردستانیش دەکات، بۆیە هەموومان دەبێت پشوو درێژبین و کێشەکان بەشێوەیەکی دیکە چارەسەر بکەین".
شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی: "هاوپەیمانانمان لە کێشەکە ئاگادارکردووەتەوە و هیوادارین کۆتایی بەو گرژیانە بێت، ئومێدم وایە دەست پێ نەکاتەوە و پەند لە هەموو رووداوەکانی رابردوو وەربگرین".
وەزیری پیشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی دانوستانەکانیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق و رێککەوتنە ئەمنییەکان بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، رایگەیاند "لەگەڵ بەغدا بەردەوامین و هەنگاوەکانمان بەرەو پێشەوە چووە، ئومێدمان وایە کە لێکتێگەیشتنی باشتر و زیاتر و هەنگاوی زیاتر بچینە پێشەوە، دڵنیاین کە دەتوانین سەرکەوتووبین لەو بوارەدا".
شۆڕش ئیسماعیل لەبارەی هیوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گوتی: "گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە کە بە ماددەی ١٤٠ ناسراون نەوەک هیوایە بەڵکو بەردەوام دەبێت هەوڵی بۆ بدەین، ئەو ناوچە کوردستانییانە کە دەستووری عێراق نەخشە رێگای داناوە بۆ چارەسەری دۆخیان، ئومێدمان وایە ئەو بنەمایە جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان بە ئازادی و سەرفرازی تێیدا بژین".
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل دەربارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی چاکسازی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەدا گوتی: "هەنگاوی فراوان نراوە لە بابەتی چاکسازیدا، بەڵام بەڕاستی دەبێت رێککەوتنێکی سیاسیی لەسەر ئاستی باڵادا بکرێت بۆئەوەی تەکانی زیاتر بە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بدرێت".
شۆڕش ئیسماعیل لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەت یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ رایگەیاند "هەنگاوەکان دەستی پێکراوە ئەو هەنگاوەی بۆ دەستبەکاربوونی یەک یەکەی ژمێریاری بۆ هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لە وەزارەتی پێشمەرگە کە هەموویان لەو یەکە ژمێریارییە مووچە وەردەگرن ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە، بەڵام بنەڕەتی و مێژووییە بۆئەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکات لە پرۆسەی چاکسازیدا".