hemn husain
14 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2016
دوای ئەوەی پڕۆتۆکۆڵی لێکتێگەیشتن لە نێوان پنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە واژو کرا، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر ئاماژە بە نێوەڕۆکی پڕۆتۆکۆڵەکە دەکات و ئاماژە بە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یادداشتێکی لێکتێگەیشتنە لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە، دەربارەی هاوکاریکردنی بەردەوامی هێزەکانی پیشمەرگە، بەتایبەتی بەخشینی ئەو 415 ملیۆن دۆلارە بە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ دابینکردنی بەشێک لە مووچەکانییان، کە رەنگە لە کۆتایی ئەو مانگە دەست پێبکات".
ناوبراو لەبارەی ئەو یادداشتەوە پتر دوا و گوتی: "ئەم لێکتێگەیشتنە هیچ کاتێکی دیاریکراوی نییە، چونکە هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە هێزی دژ بە تیرۆر و ئەمەش بڕیارێکی کۆنگرێسی ئەمریکایە کە ساڵی پار بڕیاریدا هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بکات بە بڕێکی دیاریکراوی ماددی و هاوکاری چەک و تەقەمەنی هەتاوەکو شەڕی دژی داعش هەبێت".
ئەو هەروەها دەڵێت: "ئێستا حکوومەتی ئەمریکا دوو لیوا مەشق پێدەکات و چەکداری دەکات بە چەکی ئەمریکی، لە چەکی قوڕسەوە تا چەکی سووک بە هەموو پێداویستییەکانی، ئەوانیش لیوای 1 و لیوای 2ـی وەزارەتی پێشمەرگەیە لە کەرکووک".
ئۆپەراسیۆنی مووسڵ
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەڵێت: "بەشێوازێکی کردارەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەرەتای ساڵی 2015 دەستیان کردووە بە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، لەبەر ئەوەی زۆرێک لەو ناوچانەی کە کوردستانین و بەشێکن لە ئیدارەی پارێزگای مووسڵ ئەوانە رزگارکراون، وەکو ناوچەکانی شنگال و زوممار و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و خازر، هەندێک ناوچەی نزیک مەخموور و گوێڕ و سەددی مووسڵ و رەبیعە، ئەوانە هەموو ساڵی 2015 رزگارکراون کە بەشێکن لە ئیدارەی پارێزگای مووسڵ. بێگومان ئێستاکەش کە هێزەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کردووە و ناوچەیەکی فراوانی رزگارکردووە و گەیشتووەتە سەر رووباری دیجلە، جگە لەوەش ئەو هێزەی کە لە بێجی هاتووە و توانی سەربازگەی گەیارە رزگار بکات و ئێستا بەرەو لای رووبار دێت بۆ ئەوەی یەکتر بگرنەوە و پردێک دروست بکەن بۆ پەڕینەوەی ئەو هێزانە. هێزی پێشمەرگەش پشتوانی ئەو هێزانەی کردووە، بۆیە لە ئایندەدا واتە لە پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی سەنتەری شاری مووسڵدا، پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگی دەبێت".
جەبار یاوەەر زانیاری زیاتر دەدات و دەڵێت: "هێزی پێشمەرگە بە ژمارە زیاتر لە 40 تا 50 هەزار پێشمەرگە لەو ناوچانە هەیە و هێشتا پلانەکەی کۆنترۆڵکردنەوەی سەنتەری شاری مووسڵ دانەڕێژراوە بەڵام ئێمە لەو شوێنەوە هێرش دەکەین کە هێزەکانمانی لێیە. واتە ئێمە لە رۆژهەڵات و باکوورەوە هێرش دەکەین بەڵام ئەوە پرسیارە کە ئێمە هەتا کوێ دەچین، ئەوە دەمینێتەوە سەر ئەوەی کە پلانەکە دادەڕێژین،
ئێمە لە ساڵی 2015 بڕیار بوو پرۆسەکە دەست پێبکات و چەند جارێک کۆبوونەوە هەبوو. دواجاریش عەبادی هاتە هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی باڵادا کرد و بەیاننامەکەیەک دەرکرا بۆ چۆنیەتی بەشداریکردن لە پرۆسەکە و تاوەکو ئێستاش هیچ کۆسپ و تەگەرەیەک لەبەردەم کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵدا نییە".
جەبار یاوەر دەربارەی چوونیان بۆ نێو شاری مووسڵ وەکو وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە پێمان باشە بەشداری کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگای مووسڵ بکەین بەڵام نەچینە نێو شاری مووسڵ. ئەگەر پڕۆسەکە پێویستی کرد ئەوە بێگومان دوای رزگارکردنی ئەو شارەش رادەستی هێزەکانی ئیتیحادی و حکوومەتی عێراقی دەکەینەوە".
ناوبراو دەربارەی قۆناغی دوای داعش دەڵێت: "ئەگەر هەموو عێراق پاککرایەوە لە داعش ئەوە قۆناغێکی دیکە دەست پێدەکات چونکە ئێستا قۆناغی رووبەڕووبوونەوەیە چونکە داعش شاری گەورەی لە ژێر دەسەڵاتە بەڵام دوای تەواوبوونی داعش ئەوە قۆناغی ژێرزەمینی دەست پێدەکات، هەر بەپێی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی ئێمە لەبەردەستماندا هەیە، لە ئێستاوە گرووپی تیرۆریستی داعش خۆی ئامادە دەکات بۆ شەڕی خۆتەقاندنەوە و کوشتنی بەکۆمەڵ، هەروەکو ئێستا دەستی پێکردووە هەروەکو دەبینین ماوەیەک بوو شاری بەغدا باری ئاسایشی جێگیر بوو، بەڵام ئێستا دەبینین داعش لە شکست و پاشەکشەدایە بۆیە تەقینەوەکان لە بەغدا زیاتر بوون. بۆیە ئێمە دەبێت خۆمان ئامادە بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو شەڕە نوێیە".
ئایا ئەم مەترسییە بۆ هەرێم و عێراقە، جەبار یاوەر وەڵامی دایەوە کە "ئەم مەترسییە هەر لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لەسەر وڵاتانی چواردەوریش هەیە وەکو ئوردن و سعوودیە و تورکیا کە لەم ماوەیەدا چەند تەقینەوە تێیدا رووی داوە، من پێشی دوو ساڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی ئەوەم کرد کە وڵاتی تورکیا دەبێت بە هێزەوە بەشداری بکات چونکە لە داهاتوودا داعش دەبێتە مەترسی بۆ سەر تورکیا و وڵاتانی دیکەش، ئەوەتا دەبینین کردەوە تیرۆریستییەکانی لە تورکیا دەستی پێکردووە".
ناوبراو دەربارەی گرنگی مووسڵەوە گوتی: "مووسڵ بەنسبەت ئێمەوە ناوچەیەکی گرنگە بە هۆکاری ئەوەی کە کاریگەری ئاسایشی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە هەیە بەڵام بەشداریکردنی هێزێکی دەرەکی یان حەشدی شەعبی یان حەشدی وەتەنی دەمێنێتەوە سەر بڕیاری کۆتایی و باوەڕ ناکەم جگە لە هاوپەیمانیەتی نێونەتەوەیی، هیچ هێزێکی دیکە بەشداری بکات".
ئەو دەربارەی بیانییەکانی ریزەکانی داعشیش گوتی: "هیچ وڵاتێکی دونیا تاوەکو ئێستا خۆی نەکردووە بە خاوەنی هیچ کەسێکی بیانی کە لە ریزەکانی داعشن لەگەڵ ئەوەشدا داعشیش خۆی ناکاتە خاوەن کوژراو و دیلەکانی خۆی".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر سەبارەت بە هەزینەکانی وەزارەتەکەی لە کۆتاییدا دەڵێت: "هێزی پێشمەرگە مانگانە نزیکەی 140 ملیار دیناری پێویستە بۆ مووچە، ئەمە جگە لە مووچەی کارمەندانی ئاسایش و پۆلیس، جگە لەوەش سووتەمەنی و پێویستی و خواردن و چارەسەری بریندار و ئەمەش خەرجێکی زۆری دەوێت، ئێمە لەسەرەتادا حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی نزیکەی 140 ملیار دینار دابین بکات بۆ خەرجی شەڕ و دواتریش پشتمان بە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بەستووە وەکو تەقەمەنی و چەک و پێداویستی جەنگی تەنانەت ئێستا ئەمریکا بەشێک خواردن و سووتەمەنی دابین دەکات و ئێستاش بڕیاری داوە بەشێک لە ئامێرەکانی گواستنەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین بکات".