Abdullah Abdulmanaf Shukur
01 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2021
ھەولێر - AA
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە چەندین جار حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵیان ئاگادارکردووەتەوە کە بۆشایی ئەمنیی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بووەتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا رێکبخەنەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جوتیار عادل راگەیەندراوێکی لەبارەی ھێرشەکەی دوێنێی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر ھێزەکانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە توندی وەڵامی ھێرشەکەی تیرۆریستانی داعشی داوەتەوە و تێکی شکاندوون، و لە ئەنجامی ئەمەشدا ژمارەیەک پێشمەرگ شەھید و برینداربوون".
لە راگەیەندراوەکەدا زیاتر ھاتووە:
"ئەم رووداوە لە دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشتر و ئێستاش چەندین جار حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵی ئاگادارکردۆتەوە کە ئەو شوێنەی تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر کە کەوتووەتە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆشایی ئەمنیی تێدا ھەیە و بۆتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی تیرۆرستانی داعش خۆیانی تێدا ڕێکبخەنەو و بەمەش مەترسیەکی جددی لەسەر ناوچەکە دروست دەکات".
ھەر لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە ھاوکاری و ھەماھەنگیی ئەمنیی نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە ئامانجی سەرەکی حکوومەتی ھەرێمە و ھەمیشە ئامادەیی خۆیشی بۆ ئەم مەبەستە دەربڕیوە.
لە راگەیەندراوەکەدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی شەھیدان کرا و ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ پێشمەرگە بریندارەکان خوازرا.