Heman Hussein Yaseen
05 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
مەسرور بارزانی رایگەیاندووە "راپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەھێزی گەلی کوردستان بوو لە رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکھاتەکانییەوە، توانرا دەسکەوتی مەزن بەدەست بھێنرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستوورییەکانی و بۆ داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو بنێت".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیش کردووە کە یەکێک لە پەیامە گرنگەکانی راپەڕینی ١٩٩١ ئەوەبوو، کە ھەرگیز خەڵکی کوردستان، دەستبەرداری ماف و داخوازیی نەتەوەیی و ژیانێکی ئازادانە و شکۆمەندانە نابێت. لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە.
مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە، ئەمڕۆش پێویستە ھێز و لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بەھەمان گوڕ و تینی کاتی راپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە رەواکانیان بکەن کە بە خوێنی ھەزاران شەھید بەدەست ھاتوون.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا خەڵکی کوردستانی دڵنیاکردووەتەوە لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکان و رایگەیاندووە "ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە بە ھەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نموونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکھاتەکان دەمێنێتەوە".