Heman Hussein Yaseen
05 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی یادی راپەڕینی ١٩٩١، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە "راپەڕین دەربڕی خواست و باوەڕ و ئیرادەی پتەوی گەلی کوردستان بوو لەپێناو ژیان و داھاتوویەکی باشتری ئازاد و سەرفراز و رەتکردنەوەی ستەم و زۆرداریدا. بەرھەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و گەل و جەماوەری راپەڕیوو و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی کوردستان بوو".
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "راپەڕین دەروازەی واڵای گەلی کوردستان بوو بۆ قۆناغی نوێی خۆبەڕێوەبردن و دامەزراندنی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان کە پاش ئازادیی عیراق لە دەستووردا جێگیر کران، لە نێوخۆ و دنیای دەرەوەشدا بە فەرمی ناسران و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە "لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی ئازادی و دەسکەوتەکانی راپەڕین و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ھاوبەشی ھەموو کوردستانییانە و وەفادارییە بۆ گیانی پاکی شەھیدان و ھەموو قوربانیانی رێگای ئازادی، با ئەم یادە ھاندەرمان بێت بۆ پتەوکردنی زیاتری گیانی تەبایی، پێکەوەیی، یەکڕیزی و قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی و کارکردن لەپێناو ئەو ئامانجانەدا کە شەھیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەھیدانی کوردستان گیانیان لەسەر دانا".
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی-دا هاتووە "وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیمان بە ئامانجەکانی راپەڕینەوە، بە ھیوا و ئومێد، بە بڕوا و گەشبینییەوە بۆ داھاتوویەکی باشتر دەڕوانین و بە ڕێز و شکۆوە یادی شەھیدانی راپەڕین و تەواوی شەھیدانی کوردستان دەکەینەوە".