Heman Hussein Yaseen
27 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2020
هەولێر - AA
بەپێی بانگهێشتنامەیەکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق بڕیارە کاتژمێر ١١ی ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت.
لە دانیشتنەکەدا، چوار پرۆژەیاسا تاوتوێ دەکرێن و میوانداری وەزیرانی ناوخۆ، تەندروستی، کاروباری پێشمەرگە، دارایی و ئابووری، پلاندانان و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستاندنی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت.
لە دانیشتنەکەدا، هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، سۆران عومەر دەخرێتە دەنگدانەوە.
هەروەها خوێندنەوە دەکرێت بۆ راپۆرتی کۆبوونەوەی ھاوبەشی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و ناوچە کورستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم سەبارەت بەدۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ھێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆسەر ناوچەکە، بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەنێوان ھەرێم و بەغدا و دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
تیشکیش خراوەتە سەر ئەوەی کە راپۆرتی ھاوبەشی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان و پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی سەبارەت بەدۆخی ناوچە سنوورییەکان و راپۆرتی لێژنەی تەندروستیی سەبارەت بەپەتای کۆرۆنا دەخوێندرێنەوە.