Zana Natık Kerem
10 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، تورکی عوتەیبی رایگەیاند کە کۆتایی ئەم ھەفتەیە، لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تاوتوێ کردنی قەیرانی کارەبا لە عێراق کۆدەبنەوە.
تورکی عوتەیبی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە قەیرانی کارەبا لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە تایبەتی ئێستا بەرھەمھێنانی کارەبای نیشتمانیی بەھۆی کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە کەمبووەتەوە.
ئاشکراشی کردووە کە کۆتایی ئەم ھەفتەیە، لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆدەبنەوە لە میانیدا دۆسیەی قەیرانی کارەبا تاوتوێ دەکەن.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ یەکشەممە، چوارچێوەی ھەماھەنگی لە راگەیەندراوێکدا داوای لە حکوومەتی عێراق کرد کە لەڕێگای وەزارەتی دەرەوەوە پەیوەندی بە لایەنی ئەمریکییەوە بکات کە دەستبەجێ شایستە داراییەکانی پەیوەندیدار بە ھاوردەکردنی گازی ئێران بەبێ دواکەوتن و کەمتەرخەمی بدرێتەوە."
دوێنێ گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد مووسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا راگەیاندبوو کە ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە کە بەھۆیەوە پێنج ھەزار مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیشدابوو کە لەئێستادا، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق گەیشتووەتە، ٢٤ ھەزار میگاوات.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق، بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، ئەو وڵاتە پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.
عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز وەک سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کەم دەکاتەوە یان رادەگرێت.
لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دژبە نەبوونی کارەبا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتیش کە پلەکانی گەرما لەو وەرزدا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی.