Hawkar Yaseen
14 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر AA
لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە بەشداری هەشت وەزیری حکوومەتی هەرێم و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و سەرۆکی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بۆ دەرکردنی بڕیار و رێکار و رێنمایی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپارێزی لە کۆرۆنا کۆبوویەوە.
دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا گوتەبێژی حکوومەت و وەزیرەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان راگەیاند.
سەرەتا گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جوتیار عادل رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دراوە، هەروەها لە رۆژی یەکی تشرینی دووەم جارێکی دیکە لیژنەی باڵای کۆرۆنا کۆدەبێتەوە".
جوتیار عادل گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەبێت هەموو لایەک پابەندبن بە بڕیارەکانی پێشتری خۆپارێزی لە کۆرۆنا و بڕیاردرا دەبێت هەموو لایەک پابەندبن بە بەستنی ماسک و بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت و هەرکەسێک ماسک نەبەستێت سزا دەدرێت کە دواتر لەلایەن پارێزگارەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیار بۆ میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی دەردەچێت".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل بڕیاری کۆبوونەوەکەی تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان راگەیاند و گوتی: "خاڵە سنوورییەکانی باشماخ، پەروێزخان، حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل بە رووی هاتوچۆی گەشتیاراندا دەکرێنەوە، بەڵام لەژێر رێکار و رێنمایی خۆپارێزیدا، هاووڵاتییان دەتوانن بچنە ئێران و تورکیا و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام بەو مەرجەی پشکنین بکەن واتە لە دەروازە سنوورییەکان پشکنینی کۆرۆنا بۆ گەشتیاران دەکرێت".
جوتیار عادل دەربارەی پرۆسەی خوێندن گوتی: "بۆ پرۆسەی خوێندن بڕیاری پێشتر کە درابوو جێبەجێ دەکرێت تا کۆبوونەوەی دواتری لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا".
دواتر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئارام محەمەد قادر دەربارەی رێکار و رێنماییە نوێکانی دەستپێکردنی خوێندن تایبەت بە خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان گوتی: "بڕیاری نەکردنەوەی دەرگای زانکۆ و پەیمانگاکان لە پێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی خوێندکاراندا بووە، بەڵی پرۆسەی خوێندن زیانی بەرکەوتووە، بەڵام توانیمان رێگری بکەین لە فەوتان و لەدەستچوونی خوێندنی خوێندکاران".
ئارام محەمەد قادر راشیگەیاند "ئەمساڵ ٧٢ هەزار خوێندکاری نوێ لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن و دەست بەخوێندن دەکەن".
ئارام محەمەد قادر دەربارەی کاتی کردنەوەی دەرگای کەمپی زانکۆکان و ئاساییکردنەوەی پرۆسەی خوێندن رایگەیاند "تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو خوێندن بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام دەبێت و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا، بەپێی بارودۆخەکە بڕیار لە شێواز و میکانیزمی نوێ دەدەین".
هەروەها وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید لەسەر پرۆسەی خوێندن قسەی کرد و رایگەیاند "کۆبوونەوە بڕیاریداوە کە خوێندن بەو شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت تاوەکو کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، کۆمەڵێک رێکار گیراونەتەبەر لەبارەی خوێندنگەکان و دەبێت هەموو قوتابخانەکان پابەندبن پێیەوە، لەبەرئەوە دەبێت هەموو قوتابی و مامۆستایان پابەندبن بە دووری نێوانیان لە پۆلدا و هەموویان ماسک ببەستن".
ئالان حەمەسەعید گوتی: "خوێندنی ئەلیکترۆنی وەکو بژاردەی یەکەم لە وەرزی یەکەم بەردەوام دەبێت و چاوەڕوانی دۆخەکە دەکەین بزانین کە چی بەسەر دێت و دواتر بڕیاری دیکە دەدەین. لە گوندەکانیش خوێندن بە ئاسایی، بەڵام بە خۆپارێزی بەردەوام دەبێت".
وەزیری پەروەردە راشیگەیاند "کۆرۆنا بۆ پرۆسەی خوێندن کیشەیەکی گەورەبوو، بۆیە بڕیاری خوێندن بەم شێوازەی ئێستا بۆ بچووکردنەوەی کێشەکەبوو، لەنێوان فەوتانی خوێندن و دەستپێنەکردنەوەی ئەم شێوازەمان هەڵبژارد و لەو رێگەیە کێشەکەمان بچووککردەوە تا ئەوکاتەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و بڕیارێکی دیکە دەدەین".