Hawkar Yaseen
20 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2020
هەولێر AA
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی عێراق بە نێوانگیری هێزەکانی هاوپەیمانان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان چوارەمین دانیشتنیان بوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش بۆ چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ناوچەکێشە لەسەرەکان و ئەو ناوچانەی بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوانیان بۆشایی ئەمنیان تیادا دروست بووە.
دوای کۆبوونەوەکەیش بەرپرسانی هەردوولا رایانگەیاند کە لێکتێگەیشتنی باش هەیە لە نێوانیاندا و کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق و فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ بوو بۆ گۆڕینەوەی بیروڕاکانمان و هەماهەنگی لە هەموو بوارەکان، پیشتریش فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان جەختی لە هەماهەنگیی باڵای هەردوولا کردووەتەوە لەنێوان ئێمە و هێزەکانی پاسەوانانی هەرێم، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر، ئێستاش سوورین لەسەر کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوانمان".

لیوا تەحسین خەفاجی لە وەڵامی ئەوەی بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەسەر هیچ ناوچەیەکی دیاریی کراو رێککەوتن کراوە گوتی: "هیچ ناوچەیەکی دیاریی کراو نییە، بەڵام هەماهەنگی و کاری هاوبەشی بەردەواممان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و زۆر بواری گرنگیی دیکەیش هەیە کە پێویستی بە هاوکاری دوو لایەنەیە".
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی راشیگەیاند "کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبێت لە نێوانماندا، ئەم کۆبوونەوانە گرنگ و پێویست و تەندروستن بۆ درێژەپێدان بە کارە هاوبەشەکانمان و بۆ رێگریکردن لە جموجۆڵی تیرۆریستان".
هەروەها سوپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگە، لیوا جەمال ئیمنکی رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا، دووبارە گفتوگۆکانی ئێمە لەسەر ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش بووە لەسەر ناوچە هاوبەشەکان و بازگە هاوبەشەکان و چالاکییە هاوبەشەکان، ئەنجامی کۆبوونەوەکەیش لە چوارچێوەی راگەیەندراوێکی هاوبەشدا دواتر بڵاودەکەینەوە".
لیوا جەمال ئیمنکی دەربارەی ئەوەی تاوەکو ئێستا لەسەر چی رێککەوتوون گوتی: "تاوەکو ئێستا مەبدەئییەن لەسەر زۆرینەی ناوەندی ناوچە هاوبەشەکان هاوڕاین لەسەر شێوازی کاری هاوبەشمان هاوڕاین، ئەوەی دیکەیش کە ماوە قابیلی گفتوگۆ لەسەرکردنە و ماوەتەوە سەر کات، هەموو خاڵەکان تەواو دەکەین و ئەوکات رێککەوتنی کۆتایی لەسەر دەکەین".