ozhin jola
24 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2021
کەرکووک – AA
بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک رایگەیاند، ژمارەیەک حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکراون کە لە منداڵان دەرکەوتووە و سەرجەم نیشانەکانیشیان تیادا دەرکەوتووە، بەڵام دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
لەمبارەیەوە نەبیل حەمدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەرلە چەند رۆژێک ژمارەیەک پشکنینێکی خۆینیان ناردووەتە بەغدا کە دوای پشکنین دەرکەوتووە ژمارەیەک منداڵ و ھەرزەکاری خوار تەمەن ١٥ ساڵ ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاون و لەئێستادا، تووشبوەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتین کراون و سەرجەم نیشانەکانیان تیادا دەرکەوتووە و دۆخی تەندروستیشیان جێگیرە".
نەبیل حەمدی گوتی: "فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک ئامێری تاقیگەی لەبەردەستدا نییە بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو، بۆیە پشکنینەکانمان ناردووەتە بەغدا و دوای چەند رۆژێک پشکنینەکان دەرکەوتوون کە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاون".
بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک باسی لەوەیشکرد کە لە سێ پشکنینی جیاوازدا، ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو دەرکەوتووە کە سەرەتا شەش حاڵەت و دواتر چوار حاڵەتی تر و ئەمڕۆیش پێنج حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا گۆڕاو تۆمارکراوە کە کۆی گشتی حاڵەتەکان تا ئێستا ١٥ حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوە".