Heman Hussein Yaseen
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٨٨٦ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ٢٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە، ٥٢ ھەزار و ٧٥٦ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە، ھەزار و ٩٠٦ کەس.
هەروەها پێنج ھەزار و ٧٢٨ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و دەرەنجام ٨٨٦ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، ٣٥٨ تووشبوو و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای سلێمانی، ١٧٦ تووشبوو و ١٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان، ٢٩ تووشبوو، سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای دھۆک، ٣٠٣ تووشبوو، شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای ھەڵەبجە، ٢٠ تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی راپەڕین، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٥٦ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا، ٥٠٣ ھەزار و ٢٦٦ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە، ٥٢ ھەزار و ٧٥٦ تووشبوو بەجۆرێک ١٩ ھەزار و ٤٦٨ لە ھەولێر، ١٧ ھەزار و ٤٧ لە سلێمانی، ١٤ ھەزار ٣٤٣ لە دھۆک و ھەزار و ٨٩٨ لە ھەڵەبجە بووە، هەروەها تا ئێستا ھەزار و ٩٠٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە بەجۆرێک ٥٨٩ لە ھەولێر، ٩٧٢ لە سلێمانی، ٣٠١ لە دھۆک و ٤٤ حاڵەت ھەڵەبجە.