Heman Hussein Yaseen
10 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2021
ھەولێر - AA
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەمیانی کارکردن لە مۆلیدەیەک لەناو مزگەوتی حاجی بارۆ گەردی لە گەڕەکی نازنازی شاری ھەولێر، رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە کەوتەوە و بەھۆیەوە بەشێکی مزگەوتەکە بە تەواوەتی سووتا و، ھاوکات ئۆتۆمبێلێکیش کە لە نێو حەوشی مزگەوتەکە راگیرابوو، سوتا و چوار کەسیش برینداربوون کە تەندروستییان ناجێگیرە.
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رايگەیاند "ئەمڕۆ ئاگرێک لە مزگەوتی حاجی بارۆ گەردی لە گەڕەکی نازنازی شاری ھەولێر کەوتەوە، بەھۆیەوە بەشێکی مزگەوتەکە بە تەواوەتی سووتا، ھاوکات ئۆتۆمبێلێکیش کە لە نێو مزگەوتەکە بووە ئەویش بەھۆی ئەو رووداوەوە بە تەواوەتی سووتاوە".
لەبارەی زیانە گیانییەکانیش، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "لە رووداوەکە چوار کەس بریندارن، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراون، پێناچێت باری تەندروستییان جێگیر بێت و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر لە پەیوەندیداین سەبارەت بە باری تەندروستی بریندارەکان".
بە گوتەی قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، یەکێک لە بریندارەکان خاوەنی مزگەتەکەیە و، یەکێکی دیکەیش لە بریندارەکان کرێکارێکی بیانییە و دوو کەسی دیکەیش لە رووداوەکەدا سووتاون.
سەبارەت بە ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "رووداوەکە لەکاتی چاککردنەوەی موەلیدەی مزگەوتەکە بووە، کە لە دەرەوەی مزگەوتەکە بووە، تانکی گازوایلی موەلیدەکە تەقیووەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە زیان بە مزگەوتەکە و ئەو ئۆتۆمبێلە بگەیەنێت کە لەنێو حەوشەی مزگەوتەکە راگیرابوو''.
نەبەز عەبدولحەمید ئەویشی خستەڕوو کە ئێستا بەھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ھەولێر سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە و ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە.