Heman Hussein Yaseen
26 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2026
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر کە لە کەسنەزانەوە بەرەو ناوشاری ھەولێر دەھات، لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو بەھۆیەوە چووە شەقامەکەی بەرامبەر و لە ئەنجامدا ڕووداوێکی گەورەی ھاتوچۆی لێکەوتەوە.
ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکە کە لە ئێرانەوە ھاتبوو، نزیکەی چل تۆن کەلوپەلی بیناسازیی ھەڵگرتبوو، وەک لە کامێراکانی چاودێریی بەدیارکەوتووە، بە خێراییەکی زۆر دەچێتە شەقامی بەرامبەر و لە ئەنجامدا ٩ ئۆتۆمبێل دەشێلێت و بەھۆیەوە ئاگرێکی زۆر لە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوتەوە و شوفێری بارھەڵگرەکە سەلامەتە و لەلایەن پۆلیسی ھەولێرەوە دەستگیراوە.
وێنە : Ahsan Mohammed Ahmed Ahmed/AA
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ھەولێر، شاخەوان سەعید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: "ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکە کە بە ئاراستەی ناوشار ھاتووە، سەرەتا خۆی بە خاڵێکی پۆلیسی ھاتوچۆدا کێشاوە و پاشان چووەتە شەقامی بەرامبەر و ئەم ڕووداوەی لێکەوتووەتەوە، تا ئێستا ڕوون نیە ڕووداوەکە بەھۆی نەمانی ستۆپ یان کێشەیەکی دیکە بووە و کامێراکان بەردەستن و خەریکی لێکۆڵینەوە دەبین".
شاخەوان سەعید گوتیشی: "لە ڕووداوەکە کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج ھاووڵاتیی و کارمەندێکی ھاتوچۆ بریندارن".
وێنە : Ahsan Mohammed Ahmed Ahmed/AA
بەپێی زانیارییەکانی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، کاتێک بارھەڵگرەکە بە خێراییەکی زۆر لە شەقامی خۆیەوە بەرەو شەقامی بەرامبەر پەڕیووەتەوە، شوفێرەکە خۆی ھەڵداوەتەوە خوارەوە و سەلامەتە و، لەم کاتەشدا بارھەڵگرەکە بەم خێراییە ڕووبەڕووی ئەو ئۆتۆمبێلانە چووە کە بە ئاراستەی ھەولێر کەسنەزانەوە ڕۆیشتوون و لە ئەنجامدا خۆی بە ٩ ئۆتۆمبێلدا کێشاوە کە حەفت لەوانە بەتەواوی سووتاون.
ھاوکات بەپێی زانیارییەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژھەڵات، حەفت بریندار گەیشتوونەتە بەشی فریاکەوتن کە بەھۆی خوێنبەربوونەوە برینی دوو لەوانە سەختە و پێویستیان بە نەشتەرگەریی ھەیە و ئەوانی دیکەش لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان.
وێنە : Ahsan Mohammed Ahmed Ahmed/AA