Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2019
سلێمانی - AA
لە نزیک گوندی بێستانسوور سەربە دەشتی شارەزوور تیمێکی ھاوبەشی ژاپۆنی-لوبنانی لە لایەن زانکۆی سکوبای ژاپۆنی و لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی سەرقاڵی کاری کنە و پشکنینی زانستی و مەیدانین بۆ ئاسەوارە دێرینەکانی ئەو ناوچەیە کە مێژوویان بۆ ھەزار ساڵ پ.ز دەگەڕێتەوە.
گوندی بێستانسوور دەکەوێتە سنووری ناحیەی تانجەرۆ لە دەشتی شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی، گوندەکە چەندین شوێنەواری مێژوویی تیادایە و چەند گردۆڵکەیەک کە ھەمووی شوێنەواری مێژوویی کۆنن دەکەونە دەورووبەری گوندەکەوە.
بەپێی ئەنجامی کاری کنە و پشکنینی تیمێکی زانکۆی ریدینگی بەریتانی لە گردێکی گوندەکە و ئاشکراکردنی ئەنجامی کارەکانیان، راگەیەندرا کە بێستانسوور کۆنترین گوندی کشتوکاڵییە لە میزۆپۆتامیا.
لەئێستاشدا تیمێکی ھاوبەشی ژاپۆنی-لوبنانی لە لایەن زانکۆی سکوبای ژاپۆنی و لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی لە یاسین تەپە لە نزیک گوندەکە سەرقاڵی کاری کنە و پشکنینی زانستی و مەیدانین بۆ شوێنەوار مێژووییەکانی ئەو ناوچەیە کە مێژوویان بۆ ھەزار ساڵ پ.ز دەگەڕێتەوە.
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی، سامی جەمیل لە بارەی شوێنەوارەکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەک بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی لەگەڵ تیمێکی زانکۆیی ژاپۆنی و لوبنانی ماوەی سێ وەرزە بە ھاوبەشی لەم ناوچەیە کاری کنە و پشکنین دەکەین، بۆ ئەمساڵیش ٢٠ رۆژە دەستمان بە کاری کنە و پشکنین کردووە و رۆژانە بەردەوامین لە کارەکەمان".
ئەو گوتی: "لە ئەنجامی ئەو کارانەی لەم ماوەیەدا کردوومانە دۆزینەوەی دوو گۆڕ بووە کە یەکیان لە شێوەی ھۆڵێکی گەورەیە و چەند رووفاتێکی تیادایە کە لە دوو نھۆمی لەسەر یەک نێژراون، ھەروەھا گۆڕێکی ترمان لە ھەمان ناوچە دۆزیوەتەوە کە ئەویش چەند رووفاتێکی تیادا نێژراوە لە ھەردوو گۆڕەکەش ئێسک و پرووسکی ١١ کەسی تیادایە".
سامی جەمیل لە بارەی مێژووی ئەو ناوچەیە و ئێسکەکانەوە، ئاماژەی کرد بەوەی کە بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستیان کەوتووە ئەو ناوچەیە مێژووەکەی بۆ ٧٠٠ تا هەزار ساڵ پ.ز و سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە.
بڕیارە دوای تەواوکردنی کارەکانی ئەو تیمە ھاوبەشە لە یاسین تەپە، دواتر شوێنەوارە دۆزراوەکان رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی بکرێت و بەڕەسمی راپۆرتی کۆتایی لەسەر ئەو ناوچەیە ئاشکرا بکرێت.