Heman Hussein Yaseen
08 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2021
ههولێر-AA
بەبۆنەی رۆژی جیھانی ژنانەوە فێستیڤاڵی نمایشی کاری دەستی و جلوبەرگی ئێزدییان بە پشتیوانی مادۆ لە ھەولێر و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بەڕێوەچوو، کە تیاییدا جگە لە نمایشی چەند کارێکی دەستی، ئاھەنگ و ھەڵپەڕکێ لەلایەن گرووپێک لە کچان بەڕێوەچوو.
نمایشی کارە دەستییەکان بە ئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو کرایەوە و تیایدا سەرجەم کەلوپەلە نمایشکراوەکان بەسەرکرانەوە و، دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئومێد خۆشناو ئاماژهی بهوهكرد یەکێک لە کارەکانیان پشتوانییكردنی خاوەنکار و پیشەکانە و لەم چوارچێوەیەشدا جەختی لەوەکردەوە کە بەپێی توانا ھاوکاری ئەوانە دەکەن کە دەیانەوێت پەرە بە کارەکانییان بدەن.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئومێد خۆشناو رایگهیاند: "ئەنجامدانی ئەم چالاکییە بەناوی یەکێک لە سیمبولەکانی ئافرەتان، کە شەھید لەیلا قاسم-ە وەکو رەمزێکی قارەمانییەتی ژنی کورد کە تا پەتی سێدارە بەردەوام بوو لە پێناو دۆزی رەوای گەلەکەی، جێگای رێزە لەم رۆژەدا بەناوی ئەوەوە ئەم چالاکییە بەڕێوەدەچێت".
لەبارەی بەسەرکردنەوەی پێشنگاکە و داواکاریی خاوەنکارهکان بۆ ھاوکارییكردنیان لهلایهن حکوومەتی ھەرێمهوه، پارێزگاری ههولێر رایگهیاند: "بە دڵنیاییەوە حکوومەتی ھەرێم ئامانجەکانی وایە تایبەت بە تواناکانی گەنجان و ئافرەتان ھەموو ھەوڵێک بدات بۆ رەخساندنی دەرفەتی باشتر و، ئێمەش بە بەشداربووانمان راگەیاند کە ئەگەر ویستیان پێشانگای گەورەیان بۆ دەکەینەوە و پشتیوانی لە تواناکانی ئافرەتان دەکەین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە ھاتنی پاپای كڵێسای كاسۆلیكی، پاپا فرهنسیس بۆ ھەولێر، ئومێد خۆشناو گوتی: "ھاتنی پاپا سەردانێکی مێژووییە، ئەگەر دیقەت بدەین گەورەترین دیداری جەماوەری و چالاکییەکانی پاپا فرانسیس لە ھەولێر بوو، ئەمە بۆ ئێمە شانازییەکی گەورە بوو کە بەوپەڕی ئارامییەوە بەڕێوەچوو، ھەروەھا ھاتنی قەداسەتی پاپا بۆ کوردستان مێژووییە و ئومێد دەکەین دوای سەردانەکە و ئەنجامدانی ئەو تقوسە ئاینییانە، بەشێکی دیکە لەو پێکەوەژیانە بێت کە ھەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکات".
فێستیڤاڵەکە بە پشتیوانی مادۆ لە ھەولێر و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بەڕێوەچوو، رێکخەری فیستیڤاڵەکە ھونەرمەندی تورکیا رۆژین بوو، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "بەبۆنەی رۆژی جیھانی ژنانەوە، پیرۆزبایی لە ھەموو ژنان دەکەم و ھیوادارم ھەموو ژنێک بتوانێت ئازاد بێت و بە ئازادانە ژنبوونی خۆی بژی، ھەر بەم بۆنەشەوە ئەمڕۆ کۆمەڵێک ژن لێرە بەشدارن بە کردنەوەی پێشانگای کاری دەستی کە بەشێک لەنێو کەمپەکانی ئێزدینشین و بەشێکی دیکەیش لە شارەکانی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی بەشدارن و ماوەی یەک رۆژ دەخایەنێت".
ھونەرمەندی گۆرانیبێژ رۆژین گوتیشی: "نمایشکردنی ئەم کەلوپەلانە وەکو پشتگیریی و ھاوکارییەکە بۆ ئەوانەی بەھەوڵ و ماندووبوونی خۆیان توانیوویانە ئەم کەلوپەلانە دروست بکەن و ئەمەش بەشێکە لە ھاندانی ژنان بۆ بەرەو سەربەخۆیی ئابووریی".
لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە نمایشکردنی کەلوپەلی کاری دەستی، لە چوارچێوەی کۆنسێرتێکدا کە لەلایەن ھونەرمەندی گۆرانیبێژ رۆژین بەڕێوەچوو، چەندین شایی و ھەڵپەڕێکێیی جیاواز لەلایەن گرووپێک لە کچانەوە ئەنجامدرا و دواتر چهپكه گوڵ پێشكهیشی ژمارهیهك كهس كرا كه كهسوكارییان له پهلامارهكانی تیرۆریستانی داعش بێسهروشوێن بوون و، دواتریش لهلایهن چهند گرووپێك له كچانهوه جلوبهرگی چهند ناوچهیهك نمایشكرا.