Sayim Harmancı
05 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2023
هەکاری - AA
دۆڵی بەهەشت و دۆزەخ کە دەکەوێتە نێوان هەکاری و یوکسەکۆڤا، بە تاڤگەکانی کە لە ئەنجامی توانەوەی ئاوی بەفرەوە بەدی هاتوون، سەهۆڵبەندان و گوڵی رەنگاوڕەنگ و دەریاچەیەکی بەستەڵەکەوە، پێشوازی لە سروشتدۆستانی ناوخۆیی و بیانی دەکات.
زۆرێک لە سروشتدۆستان کە لە کۆتایی هەفتەدا هاتبوونە شارەکە، دەرفەتی بینینی سروشتی جوانی ناوچەکەیان بۆ رەخسا. سەردانیکەران بەدەم بینینی گوڵوگوڵزاری رەنگاوڕەنگ و ئەو چەمەی کە لە ئەنجامی توانەوەی بەفرەوە دروست ببوو، بەرەو ئەو ناوچەیە رۆیشتن کە گەورەترین دۆڵی سەهۆڵبەندی تورکیای لێیە.
سروشتدۆستان لەمیانی گەشتەکەیاندا لەسەر سەهۆڵبەندانەکان وێنەیان گرت و کاتێکی خۆشیان بەسەر برد.
بەڕێوەبەری لاوان و وەرزشی هەکاری، ئەمین یڵدرم کە بەشداریی لە گەشتەکەدا کردبوو، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە ناوچەکەدا هەموو وەرزەکان لە یەک کاتدا ئەزموون دەکرێن.
بە ئاماژەدان بەوەی کە نزیکەی ٤٠٠ سروشتدۆست بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردووە کە لەلایەن یانە وەرزشییە جیاوازەکانی سروشت لە شارەکەدا رێکخرابوو، یڵدرم گوتی: "لە زۆرێک لە شارەکانەوە سەردانی ئێرە دەکەن. ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی لاوان و وەرزشی هەکاری، چالاکییەکانی وەک شاخەوانی، خلیسکێنەی سەر بەفر و چەندین جۆری دیکە لە چالاکی وەرزشی بۆ بەرەوپێشبردنی جوگرافیاکەمان رێکدەخەین. هەکاری خەریکە دەبێتە پایتەختی گەشتیاری، شاخەوانان لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپاوە دێن بۆ ئێرە. ئامانجمان ئەوەیە جوگرافیاکەمان بە باشترین شێوە بناسێنین. ئێمە لێرە بە باشترین شێوە پێشوازی لە خەڵکی سەرتاسەری تورکیا و جیهان دەکەین".
نوێنەری هەکاری لە فیدراسیۆنی شاخەوانیی تورکیا، ناجی ئەرتونچ رایگەیاند، لەگەڵ ئەو کۆمەڵەیەی کە لە ساڵی ٢٠١٧ دایانمەزراندووە، کار دەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی شارەکە.
بە ئاماژەدان بەوەی کە مێرگەکان، دەریاچەی سەهۆڵبەندانی سات، تاڤگەکان، دۆڵەکان، چیای جیلۆ و زۆرێک لە شوێنەکانی شەمزینان و چوکورجا لە شارەکەدا لەنێو ئەو شوێنانەن کە سروشتدۆستان زیاتر ئارەزووی بینینیان دەکەن، ئەرتونچ گوتی: "لەسەر داواکاری زۆری سروشتدۆستان ئەم هەفتەیە گەشتێکمان بۆ دۆڵی بەهەشت و دۆزەخ و چیای جیلۆ رێکخست، خەڵکێکی زۆر داواکارییان بۆ بەشداریکردن پێشکەش کرد، خواستێکی زۆر لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات هەیە بۆ بینیبی ئەم شوێنانە. داوا لە سروشتدۆستان دەکەین ئاگاداری خۆیان بن کاتێک سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن".
دکتۆر ئۆزلەم کورت کە لە ماردینەوە هاتووە، رایگەیاند کە هەستیان بە بەختەوەری کردووە بە بینینی ناوچەکە. گوتیشی: "زۆر دڵخۆشین کە لێرەین. ئەم شوێنە زۆر نایاب و ناوازەیە. خۆشحاڵم کە توانیومە ئەو سەهۆڵبەندانە ببینم کە چەندین سەدەیە لێرە بوونی هەیە. پێشنیار دەکەم هەمووان لە دەرفەتێکدا بێن و ئێرە ببینن".
عەلی یڵماز کە لە ئافیۆنکاراهیسارەوە هاتووە، باسی لەوە کرد کە هەکاری و ناوچەکە جوگرافیایەکی زۆر جوانیان هەیە و گوتی: "زۆر دڵخۆشم بە بینینی سروشتی ناوچەکە. سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە هەلی ئەوەیان بۆ رەخساندین بتوانین بەشداری لەم گەشتەدا بکەین. زۆر دڵخۆشم بە بینینی سەهۆڵبەندانی وەها ناوازە، ئەمە ساتێکی لەبیرنەکراوە بۆ من".