Yunus Keleş, Mazın Asad
25 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2016
چوار ساڵە کەمپی دۆمیز لە دھۆک بۆ پەنابەرانی کوردی سووریا دامەزراوە کە کچانی کەمپەکە بێ ئەوەی گوێ بەبێ بایەخی تۆپێ پێ لە عێراق بدەن، لە یاریگایەکدا یاری تۆپی پێ دەکەن کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆیان دروست کراوە.
راھێنەری ئەو تیپەی کچان بەناوی جەمال سەیدۆ عەلی لە روونکردنەوەیەکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی ھەنگاوەکانی دامەزراندنی ئەو تیپەی کرد.
عەلی ئاماژەی بەوە دا کە ئەو داواکارییە لەلایەن خێزانەکانی نێو کەمپەکە پێشکەش کراوە و گوتیشی: "ھەندێک لە خێزانەکانی نێو کەمپەکە داوایان کرد بێجگە لە دامەزراندنی تیپی تۆپی پێی پیاوان، تیپێکی تۆپی پێ بۆ کچان دابمەزرێندرێت. بەو ھۆیەوە یاریزانە کچەکانمان کۆکردەوە کە لە ئێستادا لە تیپەکە ١١ یاریزانی کچ ھەیە و ھەفتەیەک جارێک کۆدەبنەوە و یاری دەکەن. ئەوان بە سایەی وەرزشەوە ھەوڵ دەدەن ئازار و خەمەکانیان لەیاد بکەن".
راھێنەری تیپەکە روونیشی کردەوە کە گشت پێداویستییەکان لەلایەن خێزانەکانەوە دابین کراوە و زیاتر گوتیشی: "لە ئێستادا لە ھیچ لایەنێک ھاوکاریی ماددی وەرناگرین. گشت پێداویستی وەرزشی وەک درێس و تۆپ لە ایەن خێزانەکانەوە دابین کراوە. بۆ ئەوەی لە رەوشێکی شیاو یاری بکەن، چاوەڕێی ھاوکاریی لە دەزگاکانی نێودەوڵەتی دەکەین".
یەکێک لەو یاریزانە کچانە بەناوی سۆلین حەسەن کە تەمەنی ١٣ ساڵە، ئاماژەی بەوە دا کە زۆر حەز لە یاری تۆپی پێ دەکات و داوای کرد رەوشێکی شیاویان لە یاریگاکەدا بۆ بڕەخسێندرێت.
سۆلین گوتیشی: "پێشتر یاریگایەک بۆ کوڕەکان دامەزرا بەڵام ھیچ چالاکییەکی وەرزشی بۆ کچان نەدەکرا. ئێمەش ویستمان سوودمەند بین لە یاریگاکەدا. بەو ھۆیەوە سەرەتا وەکو شتێکی سەرسووڕهێنەر لێک درایەوە و گوتیان یاری تۆپی پێ بۆ کچان شیاو نییە بەڵام خێزانەکەم پشتگیری کردم و درێس و پێڵاوی بە خەڵات پێ دام".
یاریزانێکی دیکەی کچی تیپەکە بەناوی نوور سەعید ئاماژەی بەوە دا کە باوکی پشتگیری کردووە بۆ ئەوەی بایەخ بە تۆپی پێ بدات و گوتیشی: "نزیکەی ساڵێکە یاری تۆپی پێ دەکەین بەڵام لە یاریگاکەدا یاریمان نەدەکرد. ویستمان ئەو دۆخە بگۆڕین، بۆ ئەوەی لە رەوشێکی باشدا یاری بکەین. بە ھەوڵی ھەندێک لە خێزانەکان تیپێکی کچانمان پێک ھێنا. دوو مانگە یاری دەکەین. دەمدەزانی ئەم جۆرە یاری تۆپی پێم خۆش دەوێت. پشتبەخوا رۆژێک دێت لە یاریگا گەورەکانیش یاری دەکەین. رۆژ لە دوای رۆژ لە ئەورووپا ژمارەی تیپی تۆپی پێی ئافرەتان زیاد دەکات. بۆیە ھیواخوازم لێرەش بە ھەمان شێوەیە گەشە بسێنێت".
باوکی نوور سەعیدیش خۆشحاڵی خۆی دەربارەی یاریکردنی کچەکەی دەربڕی و گوتیشی: "زۆر ئاساییە ئەویش وەک کوڕەکان بایەخ بە تۆپی پێ بدات. داوا دەکەم بۆ ئاستێکی باڵا، بەرز بێتەوە. ئافرەتێکی زۆر لە وڵاتان دەبینین کە یاری تۆپی پێ ئەنجام دەدەن. بەو ھۆیەوە پێویستە ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی ئێمەش گەشە بسێنێت و پەسەند بکرێت".