ھەولێر
فیفا سەرگروپەکانی مۆندیالی ئاشکراکردو زۆربەی وەرزشوان و ھاندەرانی تۆپی پێی سەرسامکرد.
زۆربەی پسپۆرە وەرزشییەکان لەو باوەڕەدابوون فیفا وەکو جاران بەگوێرەی ئەنجام و مێژووی مۆندیال ھەڵبژاردەکان بۆ سەرگروپی مۆندیالی ٢٠١٤یبەرازیلدابنێ. بەڵام فیفا ھیچ گرنگییەکی بە مێژووی مۆندیال نەداو سەرگروپەکانی بەگوێرەی دواڕیزبەندی ھەڵبژاردەکان دیارکرد.
سەرگروپەکان بریتین لە (بەرازیل، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، ئەرجەنتین، کۆڵۆمبیا، بەلجیکا، ئۆرگوای، سویسرا). ئەو بڕیارەی فیفا لەکاتێکدایە کە ھەڵبژاردەی ئۆرگوای یاریی پاشکۆی مۆندیالی ماوە، ئەگەر بیدۆڕێنێ ناتوانێ لە مۆندیالی ٢٠١٤ی بەرازیل بەشداری بکات. فیفا بۆ ئەو ئەگەرە ھەڵبژاردەی ھۆڵەندای وەک یەدەک بۆ شوێنی ئۆرگوای دەستنیشانکردووە. ئۆرگوای لە پاڵاوتنی مۆندیالدا بەکۆکردنەوەی ٢٥ خاڵ لە پلەی پێنجەمدایەو نیو بلیتی کیشوەرەکەی دەستخستووە. بەوجۆرە رووبەڕووی ھەڵبژاردەیەکی ئاسیایی خاوەن نیو بلیت دەبێتەوە کە براوەی یارییەکە سەردەکەوێ بۆ مۆندیالی ٢٠١٤ی بەرازیل.
فیفا جگە لە بەرازیل کە میوانداریی مۆندیال دەکات، لە یەکەمەوە تا حەوتەم ھەڵبژاردەی دوا لیستی ریزبەندی ھەڵبژاردەکانی جیھانی بێ دەستکاری وەک سەرگروپ دەستنیشانکردووە.
زۆربەی پسپۆرانی تۆپی پێ پێیانوایە فیفا پەلەی کردووە لە دیاریکردنی سەرگروپەکانی مۆندیال و بڕیارەکە بووەتە جێی رەخنەو تانەی راگەیاندنەکان. بەتایبەتی دیارنەبوونی ھەڵبژاردەکانی (ئیتاڵیا، ھۆڵەندا، ئینگلتەرە، فەرەنسا، پرتوگال، مەکسیک) وەک سەرگروپ ھاندەرانی تۆپی پێی نیگەران کردووە.
ریزبەندی ھەڵبژاردەکانی جیھان کە مانگانە لەلایەن لیژنەیەکی گشتیی یەکێتی تۆپی پێی فیفاوە نوێدەکرێتەوە، دواجار رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم بەمجۆرە نوێکرایەوە:
ھەڵبژاردە خاڵ
١. ئیسپانیا ١٥١٣
٢. ئەڵمانیا ١٣١١
٣. ئەرجەنتین ١٢٦٦
٤. کۆڵۆمبیا ١١٧٨
٥. بەلجیکا ١١٧٥
٦. ئۆرۆگوای ١١٦٤
٧. سویسرا ١١٣٨
٨. ھۆڵەندا ١١٣٦
٩. ئیتاڵیا ١١٣٦
١٠. ئینگلتەرە ١٠٨٠