دووزخورماتوو
شەوی یەكشەممە بۆ جارێكی دیكە شەڕ و پێكدادان لە نێوان چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەسنووری قەزای دووزخورماتوو، سەری هەڵداو بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیش دەڵێت: "داعش تێكشكا لە سنورەكەدا."
بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مەلا كەریم شوكر لە قەزای خورماتوو، لەلێدوانێكدا بەئاژانسی ئانادۆڵو گوت: "ئەمشەو چەكدارانی داعش لەهەردوو قۆڵی (ئینكیجەو سەلام)ەوە هێرشیان دەست پێكرد و سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەیان بۆردومان كرد، لەبەرامبەریشدا هێزەكانی پێشمەرگە بەرپەرچی ئەو هێرشەیان داوەتەوە و هێرشەكەی داعشیان تێكشكاند و گورزێكی كوشندەیان لەچەكدارانی داعش داو زیانێكی زۆریان پێ گەیشت."
گوتیشی: "لە شەڕەكەی ئەمشەودا چەندین هاوڵاتی چەكیان هەڵگرتووە و لە بازنەی حەمرینەوە بەرەو بەرەكانی جەنگ بەڕێكەوتوون، بەمەبەستی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە."
بەپێ زانیارییەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو، لە شەڕ و پێكدادانەكاندا پێشمەرگەیەك گیانی لەدەست داوە و چوار پێشمەرگەی دیكەش بریندار بوون، لەبەرامبەریشدا "ژمارەیەك" چەكداری داعش كوژران و برینداربوون.
ماوەی زیاتر لە مانگێكە چەكدارانی داعش لەهەردوو گوندی (ئینكیجەو سەلام)ەوە هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری خورماتوو و مەبەستیان لەم هێرشانە پێشڕەویكردن و كۆنترۆڵكردنی قەزای دووزخورماتووە كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەدایە.
قەزای دووزخورماتوو دەكەوێتە 70كم خۆرئاوای شاری كەركوك. هەرچەندە پێشتر ئەو قەزاییە سەر بە پارێزگای كەركوك بوو، لە ساڵی (1976) ئەو قەزایە خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین. دانیشتوانی ئەو قەزایە لەهەر سێ نەتەوەی (كورد وعەرەب وتوركمان) پێكهاتوون.