پەروەردەیی, هونەر و كلتوور, archive

دۆزینەوەی شۆرایەکی کۆن لەناو قەڵای ھەولێر

شوێنەوارناسان لەکاتی ھەڵکۆڵینی بەشێکی قەڵای ھەولێر شۆرایەکی کۆنیان دۆزییەوە کە دەگوترێ سەدان ساڵە دروستکراوە.

28.10.2013 - نوێکردنەوە : 28.10.2013
دۆزینەوەی شۆرایەکی کۆن لەناو قەڵای ھەولێر

ھەولێر

 

ئەمڕۆ ھەزاران پارچە گۆزە، سەدان پارچە شوێنەواری سەردەمی عوسمانی لەنێو قەڵای ھەولێر دۆزرانەوە. بەپێی پرۆژەیەکی پێنج ساڵی کە لە بەھاری ئەمساڵەوە دەستیپێکراوە، قەڵای ھەولێر نۆژەن و چاکدەکرێتەوە. لەڕێو رەسمێکدا بە ئامادەبوونی چەندین بەرپرسی حکومی و پسپۆڕانی شوێنەوارناسی لەسەر قەڵای ھەولێر، دۆزینەوەی شۆرایەکی کۆن راگەیەنرا.

د.عەبدوڵڵا خورشید، سەرۆکی لیژنەی ھەڵکۆڵینی شوێنەوار لە قەڵای ھەولێر گوتی: "ئەم شۆرایەی دۆزراوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ١٧٠٠، تەمەنی زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ دەبێ، ئەم شۆرایە ھی سەردەمی پێش فەرمانکردنی سوڵتان مەحمودی یەکەمی عوسمانییە کەتێیدا ھەر دوو قەڵای ھەولێر و کەرکوک چاککراونەتەوە لەساڵی ١٧٤٥."

د.عەبدوڵڵا لەبارەی شۆراکە وردەکاریی زۆرتری باسکرد، لە ھەر ١٠ مەترێک لە شۆراکە سێ جار چاککراوەتەوە بەھۆی باران و لافاو و ئەو شەڕانەی لەناوچەکە روویانداوە، بۆیە پێشبینی دەکەن پارچەو شوێنەواری گرنگتر بدۆزنەوە کاتێ پرۆژەکە دەبەنە چەقی قەڵا.

جۆن مەگەنێز، راوێژکاری شوێنەوار لە پرۆژەی ھەڵکۆڵینی قەڵای ھەولێر گوتی: "دەمانەوێ شوێنە کۆنەکانی نێو قەڵای ھەولێر بدۆزینەوە و ھێشتا کارەکانمان تەواو نەبوون، زۆر دڵخۆشین بە ئەنجامەکان، بۆ پاراستنی ئەو شۆرایەی دۆزراوەتەوە لە رووخان و تێکچوون وا بڕیارە کەپر و پێداویستیی دیکەی بۆ دابینکرێ."

مێژوووی قەڵای ھەولێر:

- شارەزایان دەڵێن بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان لە ھەزارەی یەکەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، بۆ پارێزگاریکردن لەھێرشی نەیاران دروستکراوە، - بەرزییەکەی ٢٦ مەتر لەسەر ئاستی شارەکە بڵند ترە، ١٠٢ ھەزار و ١٩٠ مەتر چوارگۆشەیە، ٤١٥ مەترە لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە.

- بە بڕیاری رێکخراوی پەروەردەو کەلتورو زانست -یونسکۆ ی سەر بە UN بووەتە بەشێک لە کەلەپووری جیھانی، ساڵی ٢٠٠٧ دانیشتووانەکەی لەناو قەڵا دوورخرانەوە و دەستکرا بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە چاککردنەوەی.

 

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın