Heman Husseın Yaseen
23 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
رێکخراوی هاوکاری و هەماهەنگی تورکی (تیکا)، هاوکاری قرتاسیە و پێداویستییەکانی قوتابخانەی بەسەر چەند قوتابخانەیەکی تورکمانیی و کریستیانی لە شاری هەولێر دابەشکرد.
لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعرووف، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هاکان کاراچەی و بەرپرسی رێکخراوی تیکا لە عێراق جونەید ئەسمەر، ژمارەیەک جانتا و پێداویستی بەسەر قوتابییانی قوتابخانەی فزولیی تورکمانیی دابەشکرا.
بەرپرسی رێکخراوی تیکا لە عێراق، جونەید ئەسمەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ساڵانە هاوکاری قوتابییان دەکەین لە رووی پێداویستییەکانییان، ئەمساڵیش لە درێژەی کارەکانماندا، هەزار و ٥٠٠ جانتا و پێداویستی دابەشی سەر قوتابییان دەکەین و سەرەتاش لە قوتابخانەی فزولی تورکمانیی ١٣٥ جانتا و پێداویستی وەک دەفتەر و پێنووسمان دابەشی سەر قوتابییەکان کرد و بەردەوامیش دەبین بۆ پێکهاتەکانی دیکە بەبێ جیاوازی".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعرووف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێکخراوی تیکا بۆ هاوکاری سێکتەری پەروەردە هەڵسا بە دابەشکردنی ژمارەیەک قرتاسیە و جانتا بەسەر قوتابییەکانی قوتابخانەکانی تورکمان و کریسیتان و لەم پڕۆسەیەشدا بەردەوام دەبێت".
لەبارەی ژمارەی پەڕاوگە و ئەو جانتایانەی کە رێکخراوی تیکا دابەشی سەر قوتابییانی دەکات، ئایدن مەعرووف گوتی: "ژمارەی قرتاسیە و جانتاکان هەزار و ٥٠٠ دانەیە بەسەر قوتابییان دابەش دەکرێت و
رێکخراوی تیکا هەموو ساڵ هاوکاری قوتابییەکان دەکات بەبێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی، ئەمەش گرنگە کە بتوانن خزمەتی بواری پەروەردە بکەن لە هەرێمی کوردستان".