هەولێر
پەتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان لویس ساکو رایگەیاند: بۆیەکەمین جار لەمێژووی عێراق رووبدات کە مەسیحییەکان بەزەبری کوشتن و هەڕەشە، شاری موسڵ جێبهێڵن، بەرەو هەولێر و دهۆک و سلێمانی بڕۆن.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، پەتریارکیکلدان لە عێراق و جیهان گوتی: ٣٠ کەنیسە کەتەمەنی بەشێکیان، زیاتر لە ١٥٠٠ ساڵە دەبێ، بەهۆی داواکاری چەکدارانی داعشەوە چۆڵکراون.
سەبارەت بەداواکەی داعش بۆ چۆڵکردنی شارەکە، ساکۆ گوتی: "هەڵبژاردەکانی داعش کەلەبەردەم مەسیحییەکانی دانیشتووی موسڵی داناون، ناتەندروستە و تاوانە دژ بەمرڤایەتی، پێویستە بەدواداچوونی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بۆ ئەو پرسە هەبێ. داوا لە گشت موسڵمانانی عێراق و جیهان و هەموو خاوەن وێژدانەکان دەکەم هاریکاری مەسیحییە ئاوارەبووەکان بکەن و هەڵوێستیان هەبێ، بەرامبەر بە ئاوارەبوون و دەرکردنی مەسیحییەکان لەشوێنی باب و باپیرانیان لە عێراق."
لای خۆشییەوە بەرپرسی گشتی کاروباری مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندبوو: کە چەکدارانی داعش سێ هەڵبژاردەیان خستبووە بەردەم مەسیحییەکانی موسڵ، بێجگە لەسەربرینیان دوو هەڵبژاردەکە دیکە بریتی بوون ، لە بوون بەموسڵمان و جزیە و سەرانە دان بووە.
خالید ئەلبێر گوتیشی: "هەموو ئەو مەسیحییانەی کە هاتوونەتە هەرێم تەنیا ریگایان پێدراوە بەجلوبەرگیان بێنە هەرێم هەموو پارەو زێر شتومەکەکانی خۆیان لەلایەن داعشەوە دەستیبەسەرگیراوە. خانووەکانیشیان وەک سەرمایەی داعش دەستیان بەسەردا گیراوە."