دهۆک-AA
پارێزگارى دهۆک، فەرهاد ئەمین ئەتروشى رایگەیاند "دواى ٣ ئابی ٢٠١٤ و داگیرکردنى شنگال لەلایەن داعش و دەستپێکردنى هێرشێکى بەرفراوانى داعش دژبە هەرێمى کوردستان، لە سەرتاسەرى هەرێم بە گشتى و پارێزگاى دهۆک بە تایبەتى دۆخێکى نەخوازراو دروست بوو، لەبەر ئەوەى دهۆک سنوورێکى دوور و درێژى لەگەڵ مووسڵ هەیە".
پارێزگارى دهۆک، فەرهاد ئەمین ئەتروشى لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "یەکێکى دیکە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕى داعش زیانى بازرگانى و ئابوورى بە هەرێمى کوردستان و پارێزگاى دهۆک گەیاند، چونکە پارێزگاى دهۆک لە رێگەى دەروازەى نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل-ەوە کە تاکە دەروازەى پێکەوەبەستنەوەى عێراق و هەرێمى کوردستانە لەگەڵ بەهێزترین هاوبەشى ئابوورى و سیاسى هەرێمى کوردستان کە تورکیایە رێژەیەکى زۆر ئاڵۆگۆڕى بازرگانى هەبوو، دواى هاتنى داعش و کۆنتڕۆڵکردنى مووسڵ لەلایەن داعش زیانى ئابوورى بە هەموو لایەک گەیشت، لەم زیانەشدا پارێزگاى دهۆک پلە یەک بووە".
ئەتروشى دەڵێت "دواى شەڕى داعش پارێزگاى دهۆک زۆرترین رێژەى ئاوارەکانى لەخۆى گرت کە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەران، بەوەیش رێژەى نزیکەى ٦٠ لە سەدى دانیشتووانى سنوورى پاریزگاى دهۆک پێکدەهێنێت".
- "دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ بازرگانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان زیاتر دەبێت"
سەبارەت بە گرنگى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ، پارێزگارى دهۆک ئاماژەى بە هەموو بوارەکاندا بە تایبەتى بوارى بازرگانی و ئابووری و گوتى: "ئاسایشى هەرێمى کوردستان بە گشتى و پارێزگاى هەولێر و دهۆک بە تایبەتى پەیوەستە بە ئاسایشى پارێزگای نەینەوا، بەشى چەپى مووسڵ بەردەوامیەکى جوگرافى لەگەڵ پارێزگاى دهۆک بەشێکى پارێزگاى هەولێر، هەروەها لە رووى ئابوورییەوە دواى نەمانى داعش لە مووسڵ جموجۆڵى بارزگانى زیاتر دەکات لە نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا، چونکە دەروازەى نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل گەورەترین دەرگاى پێکەوە بەستنەوەى هەرێمە بە تورکیاوە، تورکیا هاوبەشێکى گەورەى هەرێمى کوردستانە، هەندێک ساڵ هەبووە رێژەى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى گەیشتووەتە ١٢ ملیار دۆلار".
- "بەبێ دهۆک، مووسڵ ئاوەدان ناکرێتەوە"
فەرهاد ئەتروشى، پارێزگاى دهۆک بە شادەمارى ئاوەدانکردنەوەى مووسڵ ناو دەبات و دەڵێت "لە ماوەى ئەو سێ ساڵەى رابردوو داعش زیانى زۆرى بە مووسڵ گەیاند هەم لە رووى ئابوورى هەمیش لە رووى سایکۆلۆجى بۆیە بەبێ پارێزگاى دهۆک شارى مووسڵ ئاوەدان ناکرێتەوە، چونکە پارێزگاى دهۆک شادەمارى ئابوورى پارێزگاى مووسڵ بووە پێش هاتنى داعش و هەروەها پردى پێکەوە بەستنەوەى مووسڵە بە تورکیا و بە وڵاتان، تەنانەت پێش هاتنى داعش پەیوەندییەکى زۆر بەهێز لە نێوان پارێزگاى دهۆک و پارێزگاى نەینەوادا هەبوو زۆرینەى بازرگانەکان لە دهۆک و زاخۆ بوون بە پشت بەستن بە پەیوەندییە ئابوورییە بەهێزەکەى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان، پێش ساڵى ٢٠١٤ زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کورد لە بەشى چەپى مووسڵ دەژیان، دواى سەقامگیر بوونى ناوچەکە رەنگە ئەو کوردانە جارێکى دیکە بگەڕێنەوە مووسڵ".
دەشڵێت "لەو باوەڕەداین کە لە ئایندەیەکى نزیکدا رێگەى نێوان پارێزگاى دهۆک و پارێزگاى نەینەوا دەکرێتەوە، بۆیە داوا لە تورکیا دەکەین هاوکار بێت بۆ ئەوەى دەرگاى ئاوەدانکردنەوەى پارێزگاى نەینەوا لە دهۆک بکرێتەوە".
- فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى دهۆک!
ئەتروشى ئاشکراى دەکات کە بەهۆى قەیرانى دارایی و نەبوونى بوودجەى پێویست نەتوانراوە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى پارێزگاى دهۆک تەواو بکرێت، هەر کاتێک دۆخى دارایی هەرێم ئاسایی ببێتەوە یان ئەو دوو کۆمپانیا تورکیە قەرز لە حکوومەتى تورکیا وەربگرن دەست بەکارەکانیان دەکەن بۆ تەواوکردنى پڕۆژەکە.
- رێگاى بەردەڕەش
لەبارەى پلانى ئیدارەى پارێزگاى دهۆک بۆ ئەوەى رێگەى بەردەڕەش لە رێگەى مەرگەوە بگۆڕن بۆ رێگەى ژیان، پارێزگارى دهۆک دەڵێت "پێویستە چەند کارێک بکەین یەکێک لەوانە هەر لە سەرەتاى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارەدێى باشیک و بەرتلـلە. داوام لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد کە رێگەى شیف شرین، ناوەران، بەرتلـلە تا دەگاتە هەولێر بکرێتەوە، سەرۆک بارزانى بە خاڵێکى ئەرێنى زانى، دواى ناردنى قایمقامى شارۆچکەى شێخان و بەڕێوەبەرایەتى رێگاوبانى پارێزگاى دهۆک بۆ ئەو ناوچەیە بەداخەوە کێشەیەکى ئەمنى دروست بوو لە رێگاکە کە ١٠ تا ١٥ کیلۆمەتر دەبێت لە دەست سوپاى عێراقە، سوپاى عێراقش رێگەى نەدا رێگاکە بکەینەوە، جگە لەمەیش پردى خازر- حەسەن شام تەقێنراوەتەوە پێویستى بە دروستکردنەوە هەیە، کردنەوەى ئەم رێگایە بەو مەبەستە بوو کە فشارى ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لەسەر رێگاى سنوورى بەردەڕەش کەم بکەینەوە بۆ ئەوەى رووداوەکانى هاتوچۆ کەمتر ببنەوە و کێشەکان چارەسەر ببن".
گوتیشى: " رێگەى روڤیا – چەمە-شمان بەو مەبەستە کردەوە کە قەرەباڵغى رێگاکە کەمتر بێتەوە، بەشێکى رێگاکەشمان نۆژەنکردووەتەوە، کارى سێیەمیشمان دروستکردنى رێگەى حسێنى بوو کە بە قەرز لە رێگەى بەڵێندەرانەوە دروستمان کرد، ئێستاش زۆر بەربەست لەبەردەم ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دروست دەکەین تەنها بۆ کەمکردنەوەى رووداوەکانى هاتوچۆ".
ئەتروشى باس لە پڕۆژەى ئایندەی ئیدارەى پارێزگاى دهۆک بۆ رێگەى سنوورى بەردەڕەش دەكات و دەڵێت "بۆ نۆژەنکردنەوەى رێگەى سەرەکى سنوورى بەردەڕەش گوژمەیەک پارەمان قەرز کردووە، لە هاویندا سەرلەنوێ تەواوى رێگاکە نۆژەن دەکەینەوە، چونکە لە وەرزی هاویندا نۆژەنکردنەوە ئەنجام دەدرێت تاوەکو قێرتاو کردنە بەفیڕۆ نەچێت. هەروەها دوو پڕۆژەى دیکە هەن بۆ جۆتسایدکردنى رێگاکە لە چەمە تا دەگاتە سنوورى هەولێر گرێبەستیشمان لەگەڵ دوو کۆمپانیاى تورکى کردووە، بەڵام بەهۆى قەیرانى دارایی پڕۆژەکان وەستاون، چاوەڕوان دەکەین کە حکوومەتى تورکیا پارە بە قەرز بە بەڵێندەرەکانى بدات تاوەکو پڕۆژەکان لەکاتى خۆى تەواو بکرێن، چارەسەرى کۆتاییمان ئەوەیە رێگەى باشیک – مووسڵ بکرێتەوە بۆ ئەوەى فشارى بارهەڵگرەکان لەسەر رێگاى بەردەڕەش نەمێنێت".
- "زۆرینەى ئاوارەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک کوردى ئێزدین"
پارێزگارى دهۆک، فەرهاد ئەمین ئەتروشى لە بارەى شنگال دەڵێت "دروستکردنى کانتۆنى شنگال لەلایەن پەکەکە ماناى بەستنەوەى شنگالە بە سووریا و جیاکردنەوەیەتی لە هەریمى کوردستان و عێراق، ئەوەیش بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین، چونکە ئەمە سنوورێکى نێودەوڵەتییە هەرکاتێک دانیشتوانى شنگال و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بڕیاری لەسەردا ئەوکاتە سنوورەکە دەستکارى تێدا دەکرێت".
پارێزگارى دهۆک، فەرهاد ئەمین ئەتروشى گوتى: "زۆرینەى ئاوارەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک کوردى ئێزدین، هۆکارى سەرەکى نەگەڕانەوەى ئاوارەکانى شنگال بۆسەر زێدى خۆیان بوونى چەکدارانى پەکەکەیە لە ناوچەکە، چونکە پەکەکە لە شنگال بووەتە هۆى ناسەقامگیرى و ئاڵۆزی و، بۆیە ترس کەتووەتە ناو ئاوارەکانى شنگال و ناتوانن بگەڕێنەوە. لە هەر ئاوارەیەکى ناو کەمپەکان بپرسین ترسى پەکەکەى لێ نیشتووە و ناگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆى کە شنگالە".
گوتیشى: "یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى نەگەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ شنگال نەبوونى خزمەتگوزارییە لە شارۆچکەکە، هۆکارى نەبوونى خزمەتگوزاریش دیسان پەیوەستە بە بوونى پەکەکە لە شنگال، چونکە پەکەکە بە هەموو جۆرێک رێگرە لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان خزمەتگوزارى لە شنگال ئەنجام بدات و رێگا و بانەکان دروست بکاتەوە، تەنانەت رێگرى لە جووڵەى هێزەکانى پیشمەرگە دەکەن لە ناوچەکە".
پارێزگارى دهۆک دەڵێت "بەهۆى ئەو ترس و هەڕەشانەى پەکەکە لە شنگال دروستی کردووە تا ئێستا شنگال ئاوەدان نەکراوەتەوە، چونکە پەکەکە سەقامگیرى لە شارۆچکەکە نەهێشتووە، لەبەر مەترسییەکانى پەکەکە تا ئێستا ژمارەیەکى زۆر لە وڵاتانى جیهان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى نەیانتوانیوە وەک پێویست کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەى شنگال بکەن، بۆیە داوا لە چەکدارانى پەکەکە دەکەین دەست لە شنگال هەڵگرن بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەى لێیوە هاتوون، تاوەکو خەڵکى شنگال بڕیار لەسەر شارەکەی خۆیان بدەن کە ئاخۆ دەیانەوێت شنگال ببێتە پارێزگا یان ئیدارەیەکى سەربەخۆ".
دەشڵێت "دروستکردنى کانتۆنى شنگال لەلایەن پەکەکە ماناى بەستنەوەى شنگالە بە سووریا و جیاکردنەوەیەتى لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمەیش بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین، چونکە ئەمە سنوورێکى نێودەوڵەتییە پێویستە دانیشتوانى شنگال و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بڕیاربدات ئەوکات ئەو سنوورە دەستکارى تێدا دەکرێت، نەک چەکدارانى پەکەکە بە خواستى خۆیان دەست لە کاروبارى ناوچەکە وەربدەن".
- "٣٠٠ گوند لە پارێزگاى دهۆک پەکەکە دەستى بەسەرداگرتوون"
پارێزگارى دهۆک، فەرهاد ئەتروشى لەبارەى ئەو گوندانەى کە بەهۆى چەکدارانى پەکەکەوە لە سنوورى پاریزگاى دهۆک چۆڵکراون گوتى: "بەداخەوە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە ٣٠٠ گوندى سنوورى پارێزگاى دهۆک بەهۆى پەکەکەوە چۆڵ بووە، دانیشتوانی ئەو گوندانە ئاوارەى شارەکان بوون. لە هاووڵاتییانى ناوچەکەیان حەرام کردووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان".
ئەتروشى گوتیشى: "ئێمە بەردەوام گلەییمان لە پەکەکە کردووە لەو ناوچانەی دەستى بەسەردا گرتوون کە زۆرینەیان ناوچەى سنوورى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستانن لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، داواشمان کردووە دەستبەردارى ئەو گوندانە بن، چونکە تەواوى ئەو گوندانەى بە دەست پەکەکەیە لە سنوورى پارێزگاى دهۆک گوندى هاووڵاتییانى ئێمەن، نەک پەکەکە".
ئەوەیشى گوت "ئێستاش داواى دەرچوونى پەکەکە لەو گوندانە دەکەین، چونکە زەوى کشتوکاڵى هاووڵاتییان و ژیان، ماڵ سەروەت و سامانیان لەو گوندانەدایە، جێگەى داخە کە کورد ببێتە بەربەست لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەى ئەو گوندی کوردان، تا پەکەکە لەو گوندانە بێت هیچ جووتیارێک ناتوانێت زەوییەکانى لەو ناوچانە بکڵێت و سوود لە خێر و بێرى زەوییەکانى ببینێت، ئەوەیش بە زیانێکى ئابوورى گەورە لەسەر پارێزگاى دهۆک هەژمار دەکرێت".
- "تونێل هەڵکەندن لە سنوورى پارێزگاى دهۆک جێگەى قبووڵ نییە"
لەبارەى هەڵکەندنى تونێل لەلایەن چەکدارانى پەکەکە لە شارۆچکەى ئامێدى و زاخۆ، پارێزگاى دهۆک، فەرهاد ئەتروشی گوتی: "نازانم پەکەکە بۆ تونێل هەڵدەکەنێت، حکوومەتى هەرێم تا ئێستا بڕیاری شەڕکردنى دژى پەکەکە نەداوە، جگە لەوەیش دەبێت ئەمە چ عەقڵییەتێک بێت پەکەکە پەیڕەوى دەکات کە شەقامێک پیر، منداڵ، ژن، هەروەها کورد، عەرەب، هاووڵاتیی بیانى هاتوچۆی لەسەر دەکات تونێلى تێدا هەڵکەنێت".
ئەتروشى دەڵێت "ئەگەر پەکەکە ئەو تونێلانەى بۆ خۆحەشاردانیان لە بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا هەڵکەند بێت بابەتێکى دیکەیە، بەڵام ئەگەر تونێلیان بە مەبەستى شەڕکردن دژى هەرێمى کوردستان لە رێگاکانى نێوان شارو شارۆچکەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک کردبێت، ئەوا ئێمەش وەک ئێدارە و وەک خەڵکی ناوچەکە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین و بەرگرى لەخۆمان دەکەین دژى پەکەکە، جەختیش دەکەمەوە کە نامانەوێت شەڕ نەک دژى پەکەکە بکەین، بەڵکو نامەوێت شەڕ لە هیچ شوێنێک هەبێت".
دەشڵێت "تونێل یەکلایی بووەتەوە کە پێشووتریش هەبووە لەو ناوچانە، ئەوە نازانین کە پەکەکە بۆ چ مەبەستێک هەڵیکەندوون، بەڵام بەڕاستى بابەتى TNT دانان لەناو تونێلەکان تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکمان لە بەردەستدا نییە کە پەکەکە TNT لە رێگاى نێوان گوند و شارۆچکەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک دانابێت، بەڵام نایشارینەوە تەواوى ئەو سنوورانە لە ژێر دەسەڵاتى چەکدارانى پەکەکەن و هیچ گرووپێکى دیکەى تێدا نییە".
ئەتروشى باس لە حاڵەتێکى کوشتنى هاووڵاتییەکى شارۆچکەى ئامێدى لەلایەن پەکەکە دەکات و دەڵێت "هاووڵاتییەکى شارۆچکەى ئامێدى بە مەبەستی راوکردنى ئاژەڵ بۆ چەند ناوچەیەکى دوورە دەست چوو بوو، پەکەکە هۆشداریدا بوو نەچێتە ناوچەکە، دواى ئەوەى هاووڵاتییەکە لە کاتى راوکردندا تەقە لە نێچیرێک دەکات، چەکدارانى پەکەکەش تەقەى لێ دەکەن و دەیکوژن. هەر لەو کاتەوە هۆشداریمان داوە کە نابێت ئەو حاڵەتانە دووبارە ببێتەوە، بە هەمان شێوەش داوا لە هاووڵاتییانى خۆمان دەکەین سەردانى ئەو ناوچانە نەکەن نەک تەنها لەبەر پەکەکە، بەڵکو بۆ ئەوەى هیچ خراپەکارییەک روونەدات".
پارێزگاى دهۆک دووپاتیدەکاتەوە کە هەرێمى کوردستان جێگەى چالاکی سیاسى و سەربازى چەکدارانى پەکەکە نییە، بۆیە دەبێت دەربچن. بوونى پەکەکە لە هەرێم جگە زیانى ئابوورى و کۆمەڵایەتى بە بەدوایخۆیدا هێناوە و، زیانى زۆری دەرونیشى لەسەر هاووڵاتییان جێهێشتووە، مانەوەیان لە شنگال و ناوچەکە بە گشتى لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا نییە.
news_share_descriptionsubscription_contact

