Hemin Hüseyin
07 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2016
لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربان، بازاڕەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان پڕدەبێت لە جەنجاڵی و بوارە بازرگانییەکانیش جووڵەی تەواویان تێدەکەوێت، خەڵک بەهۆی ئامادەکارییەکانی ئەو بۆنەیە بەردەوام سەردانی بازاڕ دەکات و یەکێک لە ئامادەکارییەکانی جەژنی قوربان، بریتییە لە قوربانییکردن.
ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ساڵە رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر جووڵەی بازاڕ و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەبووە، بەڵام بەشێک لە موسڵمانان وەکو پابەندبوونێکی ئایینی لەم جەژنەدا ئاژەڵ دەکڕن و دەیکەنە قوربانیی، بەشێکیش لەو کەسانەی کڕین و فرۆشتن لە گۆرەپانی ئاژەڵفرۆشان دەکەن، ئاماژە بەوەدەکەن کە فرۆشتنی ئاژەڵ بۆ قوربانیی بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو لە ئاستێکی نزمدایە و هاوکات پێیان وایە هاتنی ئاژەڵی جۆراوجۆر لە وڵاتانی دیکەوە کاریگەریی لەسەر فرۆشتن و نرخی ئاژەڵانی خۆماڵی کردووە.
سەبارەت بەو مەرجانەی کە دەبێت لە ئاژەڵێکدا هەبێت بۆ قوربانییکردن، ئاژەڵدار یوسف سەلیم لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جوانەگا و ئاژەڵی رەش دەبێت سێ قوربانییان دیتبێت، ئاژەڵی سپی دەبێت دوازدە مانگی دیتبێت، ئەگەر نیشانەیەکی هەبێت بۆ قوربانی ناشێت و بۆ نموونە ئەگەر ئاژەڵێک چاوی کوێر بێت یان ددانی کەوتبێت یان قاچێکی نەبێت یان زۆر لاواز بێت ئەوا بۆ قوربانی ناشێت".
یوسف سەلیم گوتیشی: "پارساڵ مەڕ کیلۆی بە 5 تا 6 هەزار بوو بەڵام ئەمساڵ بە 3 هەزار دەیفرۆشین و ئەوەش بە پێی رۆژەکانی جەژن گۆڕانکاری بەسەردا دێت چونکە هەتا نوێژی شێوانی چوارەم رۆژی جەژن، خەڵک دەتوانێت قوربانیی بکات".
ئەو ئاژەڵدارە ئاماژە بەوەشدەکات ئەو ئاژەڵانەی لەدەرەوە هاوردە دەکرێن زۆربەیان نەخۆشییان هەیە و ئەمەش وادەکات ئاژەڵە خۆماڵییەکان توشی نەخۆشی ببن بەتایبەت ئاژەڵی جوانەگا، نرخی ئەو ئاژەڵانەش هەرزانترە بە بەراورد لەگەڵ ئاژەڵی خۆماڵی.
هاوکات بەڕێوەبەری ڤێتینەری لە گۆڕەپانی ئاژەڵان، دکتۆر روشدی حەیدەر پێیوایە ئاژەڵەکان لەکاتی هێنانیان بۆ هەرێمی کوردستان لە رێگە ماندوودەبن و ئەمەش وادەکات کە تووشی هەستیارییەک ببن لە هەناسەیاندا کە بە نەخۆشییەکی ترسناک هەژمارناکرێت و دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست چاکدەبنەوە.
ئاژەڵدارێکی دیکەش پێیوایە بەهۆی هاتنی ئاژەڵ لە سووریاوە نرخی ئاژەڵی خۆماڵی دابەزیوە و کاریگەریی کردووەتە سەر رێژەی فرۆشتنی ئاژەڵی خۆماڵی و سەبارەت بەم پرسەش ئاژەڵدار دڵشاد قەساب لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەموو جۆرە ئاژەڵێکی کوردی خۆماڵی و ئاژەڵی ئێرانی هەیە، بەڵام سووریا تەنها ئاژەڵی بچووکی هەیە و ئاژەڵی کوردی لەبەر ئاژەڵی سووریی نرخی دابەزیوە، کیلۆی ئاژەڵی بچووکی سووری بە 4 هەزار دینارە و ئاژەڵی بچووکی کوردی بە 4 هەزار و 500 دینارە، ئاژەڵی گەورەش بە هەمان شێوە نرخەکانی جیاوازیی هەیە".
ئەو ئاژەڵدارە ئاماژە بەوەدەکات کە رێژەیەکی زۆر ئاژەڵ بۆ وڵاتانی دراوسێ و هاوکات بۆ ناوەراست و خوارووی عێراق دەچێت و لەوبارەیەوە گوتی: "ئێستا رێژەیەکی زۆر لە ئاژەڵان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەچێت و لەوێ دەیفرۆشن و بەشێکیش بۆ وڵاتانی تورکیا و سعودیە دەچێت، بەتایبەت لە ئێستادا کە لە جەژنی قوربان نزیک دەبینەوە".
سەبارەت بە رێژەی فرۆشتنی ئاژەڵان بە بەراورد لەگەڵ پێشووتر، دڵشاد قەساب گوتی: "پێشووتر رێگە نەبوو مشتەری بێت بۆ گۆڕەپانی ئاژەڵان بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئێستا بازاڕ زۆر کزبووە و هەر ئەوەش وادەکات کە ئەمساڵ خەڵک زیاتر ئاژەڵی بچووک بکڕێت بۆ قوربانی وەکو کاوڕ و مەڕ".
جەژنی قوربان جەژنێکە تایبەتە بەھەموو موسڵمانان کە چوار رۆژە و لەو بۆنەیەدا موسڵمانان تێیدا گەردن ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن و شیرینی دەبەخشنەوە، هاوکات لەم بۆنەیەدا خەڵک قوربانی و خێردەکەن.
جەژنی قوربان رۆژێکی دیاریکراوە کە دەکەوێتە رۆژێک دوای ٩ـی زولحەججە، حاجیان لەو رۆژەدا لە کێوی عەرەفە دەوەستن کە گرنگترین پایەی ئەنجامدانی حەجە و جیاوازیکاری نێوان حەج و عەمرەیە و بەگشتی رۆژەکە دەکەوێتە ١٠ـی زولحەججە بەردەوام دەبێت تا ١٣ی زولحەججە، لەو رۆژەدا موسڵمانان بەیانییەکەی دەچن بۆ مزگەوت بۆ نوێژی جەژن و دەستدەکەن بە تەکبیر لێدان. ئەو رۆژە لە وڵاتی موسڵمانەکان دەبێتە پشووی فەرمیی، پڕۆسەی قوربانییکردنیش دەکەوێتە دوای تەواوبوونی نوێژی جەژن.
موسڵمانان لەو ڕۆژەدا یەکێک لەو ئاژەڵانەی وەکو کاوڕ، مەڕ یان جوانەگا دەکەنە قوربانی و گۆشتی قوربانییەکەش بەسەر خزمان و دراوسێ و ھەژاراندا دابەشدەکەن.