hemn husain
04 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2016
دوو ساڵ لەمەوبەر، تیرۆریستیانی داعش، لە نیوەشەوێك پەلاماری گوندی وەردەكیان دا و بەو هۆیەوەشەوە خەڵكی ئەو گوندە ئاوارە بوون و ئەو گوندەش بووە شوێنی نیشتەجێ بوونی تیرۆریستانی داعش، سێ رۆژ لەمەوبەر، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی خازر و بە هاوكاری فڕۆكە جەنگییەكان، لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە 9 گوند كۆنترۆڵكرایەوە كە گوندی وەردەك یەكێك لەو گوندانە بوو.
دوای كۆنترۆڵكردنەوەی گوندەكانیش، لە ئێستادا خەڵك دەگەڕێنەوە سەر ماڵەكانییان، بەڵام بە هۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكان، هیچ خانوویەك وەك خۆی نەماوەتەوە و تاوەكو ئێستاش دووكەڵ ئەو گوندانەی تەنیوە.
گوندی وەردەك نزیكەی 500 خانوو دەبێت و بە گوندی كاكەییەكان ناسراوە، خەڵكی ئەو گوندە ئاماژە بەوە دەكەن كە دوای پەلاماردانی تیرۆریستیانی داعش، وایانزانیووە تەنها یەك هەفتە ئاوارە دەبن، بەڵام ئەو هەفتەیە بوو بە دوو ساڵ و ئێستاش گەڕاونەتەوە سەر خانووە خاپووركراوەكانییان.
رووبەرێكی فراوانی ئەو گوندە بە مین چێنراوە، لەسەر دەرگای ژمارەیەك لە ماڵەكان نووسراوە كە شوێنی مەترسییە و لێی نزیك مەكەونەوە، بەشێكیش لەو مینە چێنراوانە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە پووچەڵ كراونەتەوە، لە ژووری زۆربەی ماڵەكان تونێل دەبینرێت كە ئەو تونێلە دەچێت بۆ خانووەكانی دیكە و درێژی تونێلەكان نزیكەی 100 مەتر دەبێت و قوڵایشیان كەمتر لە 2 مەتر دەبێت و فراوانیشیان نزیكەی 50 سانتیمەتر دەبێت. خۆڵ و پاشماوەكانی ئەو تونێلانە لە ژوورەكان كراونەتە سەنگەر كە تیرۆریستان بۆ خۆ حەشاردان بەكاریان هێناوە، كەلوپەل و پاشماوەكانی داعش لەناو ماڵەكاندا دەبینرێت و ناوی ژمارەیەك لە تیرۆریستان لەسەر دیواری ژوورەكاندا نووسراوە.
ئەبوو تەڵحە، ناوێكە كە لەسەر دیواری یەكێك لە ماڵەكان بە رەنگێكی رەش نووسرابوو. كۆمەڵێك نووسراو لەسەر زەوی ماڵەكە كەوتبوو كە پێدەچێت تیرۆریستان بواری ئەوەیان نەبووە لەگەڵ خۆیاندا بیبەن. یەكێك لە بەڵگەنامەكان ژمارەیەكی زۆر ناسنامەی بەتاڵ بوون، كە لەسەرەوە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، دەوڵەتی ئیسلامی و لە ناوەڕاستیشیدا نووسراوە مۆڵەت، لەو ناسنامەیەدا كۆمەڵێك بۆشایی هەیە و دەبێت ئەو كەسەی كە پەیوەندی بەو گرووپە تیرۆریستییە دەكات، ئەو بۆشاییانە پڕ بكاتەوە، ئەوانیش بریتین لە: ناو، مێژووی دابەزین و مێژووی گەڕانەوە كە بە ساڵی كۆچی نووسراوە، ماوەی مۆلەت، جۆری چەك، لەلای چەپی ناسنامەكەش مۆری ئەمیری فرقەی موئەتەی لەسەرە بە پلەی لیوا.
یەكێكی دیكە لە بەڵگەنامەكان بریتیە لە كتێبێك كە بە زمانی عەرەبی نووسراوە بە ناونیشانی "بەڵگە حاشاهەڵنەگرەكان لەسەر گاوربوونی ئەوانەی كە پاڵپشتی خاچ پەرستەكان دەكەن لە هێرشەكانیان بۆسەر دەوڵەتی ئیسلامی" كە لە 67 لاپەڕە پێكهاتووە و چاپی دووەمی بەسەرەوەیە، ژمارەیەكی زۆر كتێب لەو ماڵەدا دەبینرا، لە پاڵ ئەوانەیشدا ژمارەیەكی زۆر لە پاكەتی پەنیر و سەوزەی وەك پەتاتە و پیاز هەروەها نان لە ژوورێكدا لەگەڵ خۆڵ و ئاسن و بلۆكلدا تێكەڵ بووبوون بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكان.
دوای سێ رۆژ، خەڵكی ئەو گوندە دەچنەوە سەر ماڵە وێرانەكەیان و كەلوپەلەكانییان دەگوازنەوە، ئەگەرچی گەڕانەوە بۆ ئەو گوندە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ بەرەكانی جەنگ بەهۆی هەبوونی ئەو رێژە زۆرەی مینی چێنراو لەسەر رێگا و شوێنەكانی دیكە، یەكێك لەو هاووڵاتییانەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو كاتەی داعش پەلاماری ئەو گوندەی داوە، تەنیا توانیوویانە خۆیان رزگار بكەن و ئێستاش ئەو كەلوپەلانەی كە ماوەتەوە دەیگوازنەوە بۆ ئەو شوێنەكاتییەی ئێستا لێی دەژین.
هاووڵاتی عیماد ئەحمەد، تەمەن 24 ساڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو گوندەمان بەجێهێشت و لە قەزای خەبات نیشتەجێ بووین، كاتژمێر 3ی بەرەبەیان بوو گرووپی تیرۆریستی داعش پەلاماری گوندەكەی دا، دوای دوو ساڵ ئێستا گەڕاوینەتەوە بەڵام گوندەكەمان ناناسرێتەوە، هەموو وێران بووە و كەلوپەلەكانیش بە كەڵكی هیچ نایەن بەهۆی تەقینەوەی بۆمب و بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكان".
هاووڵاتی عەلی میكائیل كاكەیی، خەڵكی گوندەكەیە و هاتووە كەلوپەلەكانی ماڵەكەی بگوازێتەوە بۆ قەزای خەبات، ئاماژە بە شەوی پەلامارەكە دەكات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو شەوەی داعش پەلاماری گوندەكەی ئێمەی دا، ئێمە بەبێ هەموو شتێك گوندەكەمان بەجێهێشت و لە دڵی خۆمان گوتمان رەنگە تا چوار مانگی دیكە بگەڕێینەوە، بەڵام دوای دوو ساڵ گەڕاینەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا كەلوپەلەكانی ئێمە زۆر تێكنەچووە و بە كەڵكی ئەوە دێت جارێكی دیكە بەكاریان بهێنین".
هاووڵاتی حەمە ئیسماعیل ئەحمەد، تەمەن 65 ساڵ و خاوەن پێداویستی تایبەت، بەهۆی تەقینەوەی پردەكە ناتوانێت بچێتەوە ئەوبەری گوند كە ماڵەكەی خۆی لەوێیە و باس لەوە دەكات كە ئومێدێكیان هەبووە رۆژێك بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئەمڕۆش هاتووەتەوە گوندەكەی خۆیان، بەڵام ناتوانیت بچێتە سەر خانووە رووخاوەكەیان.
حەمە ئیسماعیل ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خانووەكەمان بە مووشەكی فڕۆكە جەنگییەكان تەواو رووخاوە، كەلوپەلەكانیش كەوتوونەتە ژێر خانووەكە، ئەگەرچی ئەوە دووەمین جارە گوندەكەمان بە ناچاری بەجێدەهێڵین، جارێك لەسەردەمی بەعس و جارێكیش بەهۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعش، بەڵام هەر ئومێدی گەڕانەوەمان هەیە".
زێی گەورە، گوندی وەردەك دەكات بە دوو بەشەوە و پردێك بۆ پەڕینەوە لەسەر ئاوەكە هەبووە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكان، ئەو پردە رووخاوە و هاووڵاتییان ناچارن بە ئۆتۆمبێلەكانییان لە رووباری زێی گەورە بپەڕنەوە بۆ ئەوەی بڕۆنەوە سەر زێدی خۆیان و قوڵایی ئەو رووبارە یەك مەتر دەبێت لەو جێگایەی كە ئۆتۆمبێلی پێدا دەپەڕێتەوە ئەمەش كێشەی بۆ هاووڵاتییانی گوندەکە درووست كردووە.
گوندی وەردەك دەكەوێتە میحوەری خازر و نزیكەی 25 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە، ئەو گوندە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە گرنگە، چونكە هەڵكەوتەی جوگرافی ئەو گوندە وایكردووە كە زێی گەورە بە ناوەراستی ئەو گوندەدا بڕوات و ئەو گوندە بكات بە دوو بەشەوە. گوندی وەردەك لە مانگی تەمووزی 2014 لەلایەن تیرۆریستیانی داعش داگیركرا و لە رۆژی 30ی ئایاری 2016 لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی خازر، لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵكرایەوە.