Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
04 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2016
شارەزایانی بەشدار لە پانێڵی ''سایکس-پیکۆ لە ١٠٠ەمین ساڵیدا'' کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە رێککەوتننامەکە بە رۆحێکی داگیرکەرانە نووسراوەتەوە و زۆر دوورە لە گۆڕاوەکانی ناوچەکە.
لە پانێڵێکدا لەژێر ناوی ''سایکس-پیکۆ لە ١٠٠ەمین ساڵیدا'' لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا کە بەهاریکاریی هەریەک لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرز کە یەکێکە لە گۆڤارە گرنگەکانی تایبەت بە پەیوەندی نێودەوڵەتی و کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئەلشەرق سازکرابوو، هەریەک لە شارەزای وەقفی نێودەوڵەتی کارنیگی بۆ ئاشتی، جۆزێف باهوت، شارەزای پێشکەوتووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ستیڤ کووک، شارەزای پێشکەوتووی پەیمانگەی بروکینگز، شادی حەمید، پرۆفیسۆر لە زانکۆی شیکاگۆ، راچڵ هاڤریلۆک و سەرۆکی بەشی کاروباری ئیسلامی و زمانی عەرەبی عیماد شاهین بەشدارییان کرد.
شادی حەمید باسی لەوەکرد کە رێککەوتننامەکە ئاماژەی ئەوەی تێدایە کە بۆچوون سەبارەت بە دەوڵەتی ئایینیی بەرەو دەوڵەتی نەتەوە گۆڕاوە و ئەو بابەتەی کەپێویستە قسەی لەسەربکرێت و تاوتوێ بکرێت بریتی نییە لە سنوورەکان، چونکە لە بنەڕەتدا هەموو سنوورەکان دەستکردن و رێککەوتننامەکە زۆر دوور لە گۆڕاوەکانی ناوچەکە و بەبیرێکی داگیرکەرانە نووسراوەتەوە.
- ''پێویست بوو لەسەر ئەمریکا لێپرسراوێتی زیاتر بگرێتە ئەستۆ بۆ دیموکراتی زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست''
حەمید جەختی کردەوە لەوەی کە لە ١٠٠ەمین ساڵی سایکس-پیکۆدا کیشەیەکی ''زەبەلاح'' لە سووریا بوونی هەیە و ''لەقۆناغی رابردوودا پێویست بوو لەسەر ئەمریکا لێپرسراوێتی زیاتر بگرێتە ئەستۆ بۆ دەستەبەرکردنی دیموکراتی زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست''.
ئاشکراشی کرد ک کاتێک کیشەی سووریا سەری هەڵدا، ئیدارەی ئۆباما دەیتوانی هەندێک شت بکات بەڵام وای پێ باش بوو کە هیچ کارێک نەکات و ''چیتر پێویستە واشنتۆن پشتیوانیی لە شێوازە نادیموکراتییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەکات''.
- ''لە بنەڕەتدا سایکس-پیکۆ رێککەوتننامەی دابەشکردنی دەوڵەتی عوسمانی بوو''
لای خۆیشییەوە شارەزای وەقفی نێودەوڵەتی کارنیگی بۆ ئاشتی، جۆزێف باهوت، ئاماژەی بەوەکرد لە بنەڕەتدا سایکس-پیکۆ ''رێککەوتننامەی دابەشکردنی دەوڵەتی عوسمانی بوو'' و هەروەها لەڕێگەی رێککەوتننامە نهێنییەکانی دیکەی ئەو سەردەمەوە چارەنووسی ناوچەکە دیاری کرا.
باهوت بەتایبەتی باسی لە بەڵێنی بلفۆر کرد کە لەلایەن ئینگلیزەوە ئامادەکرابوو، ئاماژەی بەوەکرد، ئەم بەڵێنە بووە راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و بەو هۆیەشەوە بووە هۆی دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوان عەرەب و جوولەکە.
باهۆت ئاماژە بەوە دەکات کە رێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ زیاد لە سنوورەکانی خۆی زاڵی هەیە کەجگە لەهەوڵدان بۆ کۆنترۆڵ کردنی فیزیکی وەک نەوت لە رۆژهەڵانی ناوەڕاست، هاوکات هەوڵی ئیدارەدانی سەرچاوە سیمبۆلیکەکان( کەمینەکان) دەدات.
ئامانجی سەرەکی سایکس-پیکۆ دابەش کردنی ناوچەی نەوتیی ناو سنووری دەوڵەتی عوسمانی بوو، ئەمە گوتەی هاڤردلۆکە کە باس لەوە دەکات ئامانج لە رێککەوتننامەکە تەنیا دابەش کردنی نەوتی رۆژهەڵات نەبووە، بەڵکو هاریکاریەکی بەهێزی بەریتانیا و فەڕەنسا هەیە لەبارەی گواستنەوەی نەوتەکە بۆ ئەورووپا.
ستیڤن کوک لە ئەنجوومەنی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو رێککەوتننامەیەی سەد ساڵ لەمەوبەر واژۆ کرا، هیچ رێکخسنتەوەیەکی نوێی نەهێنایە ئاراوە، بەڵام تەنیا لەگەڵ جەنگی جیهانی یەکەمدا سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە کێشراونەتەوە، هاوکات سایکس-پیکۆ بە هەوڵێکی شکستخواردووی هێزە کۆڵۆنیالیەکان لەقەڵەم دا.
کوک ئاماژە بەوە دەکات کە لە قەبارەی خۆی زیاتر ئەرک بۆ سایکس-پیکۆ دیاری کراوە لەکاتێکدا بەهۆی کێبرکێی هێزە ئیمپریالیستەکانەوە یاریەکە درێژکراوەتەوە و دواتر دەرگای بۆ چەند رێککەوتنێکی دیکە و قۆناغێکی دیکە کردووەتەوە.
عیماد شاهین لە زانکۆی جۆرج ت اون، ئاماژە بەوە دەکات کە لە رێگەی سایکس-پیکۆوە هێڵی بوومەلەرزەی سروشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشراو و سنوورەکانی دیاری کران کە ماوەی ١٠٠ ساڵە کێشەی وەهای لێکەوتۆتەوە چارەسەریان مەحاڵ بووە.
لە ١٦ی ئایاری ١٩١٦دا لەنێوان بەریتانیا و فەڕەنسادا بۆ دابەش کردنی خاکی دەوڵەتی عوسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێککەوتننامەیەکی نهێنی بەناوی سایکس-پیکۆ واژۆکرا و لە ساڵی ١٩١٧دا لە سەردەمی شۆڕشی رووسیا بەڵگەکانی تایبەت بەو رێککەوتننامەیە ئاشکرا کران.