بەیانیان، لە دوای هەڵاتنی خۆر ئەكرەم و كچە 10 ساڵانەكەی ئامێری رووناك كەرەوەكان، لە خێمەكەیان دێننە دەرەوە، بۆ ئەوەی بە تیشكی خۆر شەحن ببێتەوە و شەوان خێمەكەیان رووناك بێ.
جگە لە قوڕ و سەرمای زستان ئاوارەكان، زیاتر پێویستیان بەتیشكی خۆر دەبێ بۆ ئەوەی ئامێرە رووناك كەرەوەكان، كە بەوزەی خۆر كار دەكات شەحنی بكەنەوە، تا لە شەواندا بەدیار چراو مۆم دادەنیشن.
ئەكرەم غانم پیاوێكی 48 ساڵە لەدوای دروستبوونی شەڕی داعش شارەكەی كە موسڵە بەجێی هێشتووە، ئێستا لە كەمپی بەحركەی نزیك لە شاری هەولێر نیشتەجێیە.ئەو دەڵێ: "هەڵبژاردنی ژیانی ئاوارەیی ناچارییە. ئەم ژیانەش كە ئێمەی تێدایە دەبێ بەهەر شێوەیەك بێ بیبەینە سەر هەتا دەگەڕێینەوە بۆ شوێنی خۆمان، چەند مانگێكە لەم كەمپە كێشەی سووتەمەنی و خۆراك و ئاومان هەبووە، بەڵام بەرەو باشتر دەڕوا".
ئەكرەم غانم بەدەستی راستی ئامێرە رووناك كەرەوەكەی چاك دەكرد و بەدەستێكی دی هێمای بۆ خێمەكانی دەوروپشتی دەكرد و دەیگوت "ئەو خێمانە شەوان ئەم ئامێرە رووناكیان دەكاتەوە".
ئەو ئامێرەی كە بەوزەی خۆر كار دەكات لە تەواوی كەمپەكە بەسەر زۆرێك لە خێزانەكاندا لەلایەن رێكخراوە خێرخوازییەكان دابەشكراوە.
توانای كارپێكردنی دوو گڵۆپ و شەحنكردنەوەی لایت شەحن و مۆبایلی هەیە ئەگەر وزەی خۆر زۆر لێی بدا گڵۆپەكان پێنج سەعات رووناكی دەدەنە خێمەكان.
رەمزیە عەبدوڵاش خاتوونێكی 51 ساڵە و دەڵێ: "بۆ رووناك كردنەوەی خێمەكانمان چاومان لە وزەی خۆرە، ئەگەر خۆر نەبێ ناچارین مۆم یان چرا دابگیرسێنین، بەڵام ئەم ئامێرە ئەركی سووكە ئەگەر خۆر هەبێ چەند سەعاتێك لەشوێنێكی بەرز دایدەنێین، تا شەحن دەبێتەوە، بۆ ئەوەی بەشە و خێمەكانمانی پێ رووناك بكەینەوە، یان زۆرجار بۆ شەحنكردنەوەی باتری مۆبایل باشە".
خۆر تەنیا رووناك كردنەوەی شەوانی بە پەنابەرەكان نەبەخشیوە، نەمانی قوڕ و وشك بوونەوەی خێمەكان سوودێكی تری خۆرە كە داویەتی بەو هاووڵاتییانە. تەنانەت ئەوان ئەگەر رۆژەكانی هەفتە خۆشبوو خۆرەتاو هەبێ لە خێمەكانیان نامێننەوە.
كە بەیانیان خۆر سەرهەڵدێنی ژنان و پیاوانی كەمپەكە ئامێرەكان دەبەنە دەرەوە ئەو ئامێرە قەبارەی زۆر گەورە نییە و كێشی ناگاتە 25 گرام و رەنگی سپی دەنوێنی.
ئەو تەكنیكە بۆ رووناك كردنەوەی خێمەكان، بەشێكی بۆ كەمی كارەبا دەگەڕێتەوە لە هەرێمی كوردستان و مەترسی كەمتریش دروست دەكات لەسەر ژیانی ئەو هاووڵاتییانەی لە نێو خێمەكانن، چونكە زۆرجار شۆرتی كارەبا دەبێتە هۆی سووتانی خێمەكان و زیانی گیانیشی لێ دەكەوێتەوە.
كەمپی بەحركە لەڕووی ئیداری سەر بەناحیەی هەولێرە، نزیكەی 600 خێزانی تێدایە دانیشتوانەكەی لە پارێزگاكانی مووسڵ و سەلاحەددین و چەند ناوچەیەكی تری عێراق، بەهۆی شەڕی داعش ئاوارە بوون و هانایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە.