دوای تێپەڕبوونی زیاد لە حەوت مانگ بەسەر ھێرشەکانی رێکخراوی داعش بۆ سەر ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، خەڵکی ئەو ناوچانە پەنایان بۆ سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان ھێنا و لەلایەن رێکخراوەکانی مەدەنی و حکوومییەکانەوە بەپێی پێویست شوێنی حەوانەوە و کەمپی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین کرا.
دواتر لە ٣ی ئابی ساڵی رابردوودا چەکدارانی داعش ھێرشیان بۆ سەر قەزای شنگال هێنا و بە ھەزاران شنگالی روويان لە سنوورەكانى کوردستان كرد و بەمەش ژمارەی پەنابەران بە رێژەیەکی زۆر لە ھەرێمی کوردستاندا بەرز بوویەوە، بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا یەک ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار پەنابەرە لە كوردستانن.
بەمەبەستى باشترکردنی رەوشی ژیانی پەنابەرانی شنگال رێکخراوی روانگەی خێرخوازی بەھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە بەشداری چەندین کۆمپانیای بیانی، کەمپێکی سێ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونیان لە نزیک گوندی قادیەی سەر بە پارێزگەی دھۆک دروست کرد.
لەلایەن خۆیەوە گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆمەڵگەی روانگەی پەنابەران، ئاماژەی بە ھێرشی دڕندانەی رێکخراوی داعش کرد.
دزەیی گوتی: "لەسەرجەم میحوەرەکانەوە چەکدارانی داعش ھێرش دەکەن بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە بەردەوام شکستیان پێ دەھێنرێت و لە پاشەکشەدان، بەخۆشییەوە چەندین ناوچە لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە بەپشتیوانی ھێزی ھاوپەیمانانەوە لە داعش پاککراونەتەوە".
دزەیی، سەبارەت بە رەوشی پەنابەران و کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال گوتی: "بەپێی توانا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانیویەتی ھاوکاری پەنابەران بکات، لەماوەیەکی نزیکدا پەنابەران دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ناوچەکانیان لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش پاک دەکرێتەوە".
کۆمەڵگەی روانگە لە سێ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت و ٢٤ ھەزار کەس لە خۆ دەگرێت، ھەروەھا شوێنی یاری منداڵان و پارکێک تێدایە لەگەڵ بنکەیەکی تەندروستی، لە ماوەیەکی نزیکیشدا قوتابخانەیەک بۆ پەنابەرانی کەمپەکە بۆ دانەبڕانيان لە خوێندن دەکرێتەوە.
کەمپی روانگە بو بەراورد لەگەڵ کەمپەکانی دیکە بەشێوەیەکی رێکوپێک دروستکراوە کە کە پێکدێت لە ژوورێک و گەرماوە و توالێت و هۆڵێکی بچووک.
دانیشتووی کەمپی روانگە بەناوی مەحموود خەلەف رەشوو، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سوپاسی ھەرێمی کوردستان دەکەین كە دەرگەیان بۆ کردینەوە و سەرجەم پێداویستییەکانیان بە زیادەوە بۆ دابین کردووین، ھیوامان وایە بگەڕێنەوە ماڵەکانمان، ئەم کەمپە زۆر بە رێکوپێکی دروست کراوە. دڵخۆشین خۆراک و ئاو و پێداویستییەکانی سەرتاییمان ھەیە".
رەشوو، لە کۆتاییدا داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کردستان دەكات کە بەزووترین کات ناوچەکانیان لە چەکداران پاک بکرێتەوە.
لەلایەیکی دیکەوە، ھەریەک لە گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزی رووسیا و جێگری کونسوڵی ئێران و کونسوڵی ھەنگاریا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی بەشداری رێوڕەسمی کردنەوەی کەمپی روانگەیان کرد.