ژيان

ئاکرێ.. بەڕێوەچوونى فێستیڤالى نەورۆز

- بە بەشدارى هەزاران کەس لە هاووڵاتییانى زۆرینەى شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان و ژمارەیەکى زۆر لە گەشتیارانى بیانى، بە هەڵکردنى نزیکەى هەزار مەشخەڵ لە ئاکرێ جەژنى نەورۆز پیرۆز کرا.

Azad Mohammed Abdullah  | 20.03.2018 - نوێکردنەوە : 21.03.2018
ئاکرێ.. بەڕێوەچوونى فێستیڤالى نەورۆز

Dahuk

دهۆک - AA

ساڵانە ژمارەیەکى زۆر لە گەنجانى شارۆچکەى ئاکرێ خۆبەخشانە هەڵدەستن بە گێڕانى ئاهەنگ و رێوەڕەسمەکانى جەژنى نەورۆز، ئەمساڵ شارۆچکەى ئاکرێ بە شێوەیەکى بەرفراوانتر لە ساڵانى رابردوو پێشوازى لە جەژنى نەورۆز کرد، نزیکەى هەزار گەنج خۆبەخشانە هەڵستان بە هەڵکردنى مەشخەڵ و گواستنەوەیان بۆ لووتکەى چیاکانى کەلێ و سەرێ تیشێ و هێنانەخوارەوەى مەشخەڵ لە کەلێ کەڤنێ، ئەم سێ چیایە شارۆچکەی ئاکرێیان لە ئامێز گرتووە.

بەڕێوەبەرى رۆشنبیرى و هونەرى ئاکرێ، کاوە زوهێر کە هاوکات گوتەبێژى فێستیڤالى نەورۆزى ئاکرێیە لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیرى و هونەرى ئاکرێ سەرپەرشتى فێستیڤالى نەورۆزى ئاکرێ دەکەین، ئەمساڵ بڕیارماندا جەژنى نەورۆز لە ئاکرێ بکەین بە دوو رۆژ، رۆژى یەکەم نمایشکردن و ناساندنى کولتوورى دەڤەرى ئاکرێى لەخۆ دەگرت، رۆژى دووەم کە ئەمڕۆیە لە کاتژمێرى چوارى ئێوارەوە ئاهەنگ و چالاکییەکانى نەورۆز لە شارەکە دەستیان پێکردووە تا درەنگانى شەو بەردەوام دەبێت".

کاوە زوهێر گوتیشى: "ئەو گەنجانەى مەشخەڵەکانیان بەدەستەوەیە لەسەر چیاى کەلەکەڤنێ دەهێنە خوار و ئەوانەى بەرەو چیاى کەلێ و سەرێ تیشێ بەسەر دەکەون ژمارەیان هەزار گەنج دەبێت هەر گەنجێک مەشخەڵێکی بەدەستەوەیە، وەک سیمبۆلى سەرکەوتنى رۆناکى بەسەر زوڵم و تاریکى".

گوتەبێژى فێستیڤالى نەورۆز لە ئاکرێ جوگرافیاى ئاکرێ بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانى جوانى شارەکە دەزانێت و بە تایبەت بۆ ئاهەنگى جەژنى نەورۆز، سەردانى زۆرى گەشتیارانى نێوخۆیی و بیانى لە وڵاتان بۆ گونجاوى سروشت و جوگرافى شارەکە گەڕاندەوە.

کاوە زوهێر دەشڵێت "زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس بەشدار بووە لە فێستیڤالى نەورۆز لە ئاکرێ، خۆشحاڵین کە دەبینین ساڵ دواى ساڵ ئاکرێ بە شێوەیەکى شایستەتر جەژنى نەورۆز پیرۆز دەکات".

ئاکرێ بووەتە پارچەیەک لە موزیک و سروودى نیشتمانى و گۆرانى نەتەوەیی و لە لووتکەى چیاکان و قەتپاڵى چیاکان ئاگرى نەورۆز دەگەشێتەوە و یارییە ئاگرینەکانیش بە رەنگى جیا جیا ئاسمانى شارەکەیان خەملاندووە.

قەزاى ئاکرێ شارۆچکەیەکى هەرێمى کوردستانە و سەربە پارێزگاى دهۆکە، ناوەکەى لە ئاگرەوە هاتووە. شارەکە لە نێوان سێ چیادایە، خانووەکانی لەسەر یەک بەداوێنی شاخەکاندا ھەڵچوون. ئەمە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە شارەکە بەخشیوە و ئەم شارە لە سالی ١٨٧٧ بوو بە قەزا.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın