ژيان

هەولێر.. ئامادەکاری بۆ نەورۆز

- جێگری پارێزگای هەولێر، تاهیر عەبدوڵڵا: "لە پارکی شانەدەر لە کاتژمێر چوار و نیو مەشخەڵ دەکرێتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەین کە هاوکاری تیمەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار بکەن و ژینگە بە پاک و خاوێنی رابگرن".

Hemin Hüseyin  | 18.03.2018 - نوێکردنەوە : 19.03.2018
هەولێر.. ئامادەکاری بۆ نەورۆز

Arbil

هەولێر - AA

لە دیوانی پارێزگای هەولێر ژمارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەو پارێزگایە، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆز و تیایدا سەرەڕای خستنەڕووی ئەرک و بەرپرسیاریەتی، داواش لە هاووڵاتییان کرا کە پاکوخاوێنی ژینگە بپارێزن و هاوکاری تیمەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار بکەن.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی جێگری پارێزگای هەولێر و نوێنەری هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی، پۆلیس، ئاسایش، قایمقامیەت، رۆشنبیری، شارەوانی و گەشتوزار بەڕێوەچوو، دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئامانجی کۆبوونەوەکە خرایەڕوو.

دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، جێگری پارێزگای هەولێر، تاهیر عەبدوڵڵا ئاماژەی بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە کرد و گوتی: "ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدا، بە مەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی نەورۆز و کردنەوەی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز کە هەموو ساڵێک ئەو رێورەسمە لە پارکی شانەدەر لە رۆژی ٢٠ی مانگ بەڕێوەدەچێت".

تاهیر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد کە بە مەبەستی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان، تیمەکانی پۆلیس لەم چەند رۆژەدا بە شێوەیەکی بەردەوام لە ئەرکی خۆیاندا دەبن و هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە سەر و ماڵیان پارێزراو دەبێت.

تاهیر عەبدوڵڵا گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئامادەکاری دەکەین و لە پارکی شانەدەر لە کاتژمێر چوار و نیو ئاگری مەشخەڵ دەکرێتەوە و، هیوادارین کە جەژنی ئەمساڵمان جەژنی خۆشی و نەمانی ئەو قەیرانانە بێت".

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، تاهیر عەبدوڵڵا ئاشکرایشی کرد کە بە هۆی قەیرانی داراییەوە هیچ بوودجەیەک بۆ ئەم رێورەسمە تەرخان نەکراوە

جێگری پارێزگاری هەولێر داوایشی لە هاووڵاتییان کرد کە هاوکاری تیمەکانی شارەوانی بکەن بە مەبەستی پاک راگرتنی شوێنە گەشتیارییەکان و گوتی: "بە مەبەستی پاراستینی ژینگە و پاراستنی شوێنە گەشتیارییەکان، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین کە هاوکاری تیمەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار بکەن و هەوڵ بدەن ژینگە و سروشت بە پاک و خاوێنی رابگرن و خۆیان بە دوور بگرن لە شێواندنی شوێنە گەشتیارییەکان".

جێی ئاماژەیە بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا، ماوەی پێنج رۆژی لە هەرێمی کوردستان کردە پشووی فەرمیی و بەم پێیەش لە ٢٠ تا ٢٥ی مانگی ئادار پشووی فەرمیی دەبێت لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın