Salim hemexan
31 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2016
ئاوی سەرچاوەی زەڵم كە سەرچاوەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە و ناحییەی خورماڵە بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر زیاد دەكات، كە لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵی رابردوودا بەو رێژەیە زیادی نەكردووە، بەو هۆیەشەوە ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە و خورماڵ لێڵ بووە و بۆخواردنەوە ناشێت، بەشێكیش لەگەشتیاران زیادبوونی ئەو ئاوە بەمەترسی بۆسەر گەشتیاران لەقەڵەم دەدەن.
لێپرسراوی بەشی چاكسازی تۆڕەكانی ئاوی هەڵەبجە ئەنوەر عەبدورەحمان كە لەسەرچاوەی زەڵم سەرپەرشتی چارەسەر كردنی كێشەكانی بۆری ئاوی هەڵەبجەی دەكرد لەلێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاند "ماوەی دوو رۆژە تیمەكانمان سەرقاڵی كاركردنن لەسەرچاوەی ئاوی هەڵەبجە كە لێرە لەسەرچاوەی ئاوی زەڵمە و بەهۆی تەقین و زیادبوونی ئاوەكەوە رێژەی پێویست لە ئاو نەدەگەیشتە هەڵەبجە، هەروەها بەهۆی گیرانی بۆری ئاوەكەوە لە 10 ئینجەوە بۆ نیوە كەمی كردووە".
ئەنوەر گوتیشی: "بەهۆی كاركردنمان لە پڕۆژەكەدا ئاوی هەڵەبجە و خورماڵ تا رادەیەك لێل بووە و هاووڵاتییان ناتوانن بۆخواردنەوە بەكاری بهێنن، هۆكارەكەشی ئەوەیە ناتوانین وەكو پێویست كاری تێدا بكەین بەهۆی زۆری ئاوەكەوە".
حاجی خواكەرەم ئیبراهیم كە لەدایكبووی 1956ی هانەی قوڵە لەسەرچاوەی زەڵم، ئەو لە بارەی ئاستی ئاوی ئەو سەرچاوەیەوە بۆ ئانادۆڵۆ دوا و گوتی: "زیاتر لە 30 ساڵە ئاوی سەرچاوەی زەڵم بەو شێوەیە زیادی نەكردووە و نەتەقیوە، من بیرم بێت ساڵی 1982 بەم شێوەیە بووە دوای ئەوە بەو رێژەیە زۆر نەبووە، ئەوەش بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی ئەمساڵ لەوڵاتەكەماندا باریوە".
بەگوێرەی ئاماری وێستگەی كەشناسی كشتوكاڵی هەڵەبجە ئەمساڵ لەناوچەكانی هەورامان رێژەیەكی زۆر بەرز باران باریوە و لەهەندێك شوێن 700 مللیمەتری تێپەڕاندووە، كە ئەوەش رێژەیەكی زۆر بەرزە و بەزیادەوە پێویستی ساڵانەی ئاوی ناوچەكە دەبین دەكات.
حاجی گوتی: "سەرچاوەی زەڵم موعجیزەی خودایە لەم شاخە وشكەوە دەردەچێت، خەڵك بۆ ئێمەیان گێڕاوەتەوە كە ئەو ساڵانەی ئاو كەم بووە زیاتر لە 200 مەتر چوونەتە ناو ئەو كونەی ئاوەكەی لێ دێتە دەرەوە بەڵام نەگەشتوونەتە سەرچاوە سەرەكیەكەی، بۆیە تائێستاش كەس نازانێت قوڵی ئەو كونەی ئاوەكەی لێدێتە دەرەوە چەندە و لە كوێیە".
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەڵەبجە ئەلەند تۆفیق دەربارەی لێڵبوونی ئاوی سەرچاوەی زەڵم كە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە و خورماڵە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: " بەهۆی زیادبوونی ئاوی سەرچاوەكەوە ئاوی هەڵەبجە لێل بووە، هەرچەندە ئێمە قۆناغەكانی پاكژكردنەوە و كلۆرینیشمان بۆ كردووە و تارادەیەكی باش پاك بووەتەوە بەڵام لێڵیەكەی بەجۆرێكە بەشێك لەهاووڵاتییان نایخۆنەوە، بۆیە دەكرێت ئەم چەند رۆژە هاووڵاتییان ئەو ئاوە بۆخواردنەوە بەكار نەهێنن تا ئەو كاتەی روون دەبێتەوە و بۆخواردنەوە دەست دەدات".
بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەڵەبجە رۆژانە 14 هەزار مەترسێجا، لەسەرچاوەی زەڵمەوە دەگاتە هەڵەبجە و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت.
ژمارەیەك هاووڵاتی كە بۆ گەشتكردن و بینینی زیادبوونی ئاوی سەرچاوەی زەڵم هاتبوونە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاواو نزیك سەرچاوەی زەڵمەوە، مەترسی خۆیان نیشان دا لە زۆربوونی ئاوەكە و دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانی ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەو هاوینەهەوارە دەكەن.
لە ساڵانی پێشتردا و لە كاتی زۆری ئاوی سەرچاوەی زەڵمدا، ژمارەیەك لە گەشتیاران لە گەورە و بچووك بەهۆی كەوتنە نێو ئاوەكە و خوڕی و خێرای و ساردی ئاوەكەوە گیانیان لەدەستداوە.