hemn husain
21 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2016
لە زۆربەی وڵاتەکانی جیھاندا پشووی خوێندنگە و زانکۆکان لە وەرزی ھاویندایە و خەڵک بە زۆری لە ھاویندا دەچنە کەناردەریاکان بۆ رزگاربوونیان لە گەرما، لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە لەم وەرزەدا خەڵک دەچنە ناو زێ و رووبارەکان و لە هەمان کاتدا بەهۆی کەمی کارەبا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خەڵک ناچارن بەفر لە کارگەکان بکڕن بۆ پێداویستی رۆژانە بەکاری بهێنن.
شاری هەولێریش یەکێکە لەو شارانەی کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما پشووی فەرمی راگەیەندرا و لە سەنتەری شاریش ئەو خەڵکانەی ناچار نەبن، لە ماڵەوە نایەنە دەرەوە و ئۆتۆمبێلەکانی بەفرگواستنەوەش، بەردەوام کێڵە بەفر دەگوازنەوە بۆ شوێنە جیاوازەکان.
نزیکترین زێ لە شاری هەولێر، زێی گەورەیە کە بە زێی کەڵەک دەناسرێتەوە و ئەو زێیە لە وەرزی هاویندا پڕ دەبێت لە خەڵکی ئەو ناوچەیە و دەوروبەری کە بەمەبەستی رزگاربوون لە گەرما دەست دەکەن بە مەلەکردن و زۆرجاریش کارەساتی خنکانی لێ دەکەوێتەوە.
لە سەردانێکی مەیدانی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ سەر زێی گەورە لە قەزای خەبات، بەشێک لەو کەسانەی خەریکی مەلەکردن بوون، ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە بۆ رزگاربوون لە وەرزی گەرما، ئەوا رۆژانە چەند سەعاتێک خەریکی مەلەکردن دەبن.
ئەیوب قادر تەمەن 20 ساڵ، یەکێک لەو کەسانەی کە لەناو زێی گەورەدا خەریکی مەلەکردن بوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمی کارەبا، ئێمە دێین لەو زێیە خەریکی مەلەکردن دەبین بۆ ماوەی چەند سەعاتێک و تاوەکو ئێستاش چەند کەسێکم فێری مەلە کردووە".
ئەیوب قادر گوتیشی: "سەبارەت بە شوێنە قوڵەکانی ئەو زێیەش، جێگا هەیە یەک مەتر قووڵە و جێگا هەیە 3 مەتر قووڵە و جێگاش هەیە زۆر قووڵترە".
محەمەد عەبدوڵڵا تەمەن 12 ساڵ ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژانە سێ بۆ چوار جار دێتە ناو زێی گەورە بەمەبەستی خۆفێنککردنەوە و لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی دوو ساڵ دەبێت لە وەرزی هاویندا رۆژانە سێ بۆ چوار جار دێمە ناو زێی گەورە چونکە کەشوهەوای ئێرە زۆر گەرمە".
هاوین یەکێکە لە چوار وەرزەکەی ساڵ، لە ھەموویان گەرمترە، لە نیوەگۆی باکووری زەویدا لە 22ـی حوزەیران دەست پێدەکات تا 22ـی ئەیلوول، لە نیوەگۆی باشووری زەویدا لە 21ـی کانوونی یەکەم دەست پێدەکات تا 22ـی ئازار. لەم وەرزەدا، لە نیوەگۆی باکووری زەوی رۆژ درێژ دەبێت و شەو کورت دەبێتەوە بەڵام لە نیوەگۆی باشووری زەویدا رۆژ کورت دەبێت و شەو درێژ دەبێتەوە.
هەر بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات: "ئەگەر زۆر پێویست نەبوو لە کاتە گەرماکانی رۆژ مەڕۆنە دەرەوە و لە ماڵەوە بمێننەوە و سوود لە ئامێرەکانی فێنککەرەوە وەربگرن و ئەگەر زۆر پێویست نەبوو منداڵ و کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان ھەیە وەک نەخۆشییەکانی سینگ و دڵ پێویستە لە ماڵەوە و لە شوێنێکی فێنک بمێننەوە و ئەو کرێکارانەی کە بەردەوامن لە کارەکانیان لە رۆژدا، پێویستە تا دەکرێت خۆیان لە تیشکی خۆر بپارێزن و ماوە ماوە پشوو بدەن لە شوێنێکی سێبەر و فێنک و هەندێکی زیاتر ئاو و شلەمەنی بخۆنەوە".
قەزای خەبات بە دووری 35 کیلۆمەتر لە شاری ھەولێرەوە، ھەروەھا دەروازەی ھەردوو شاری مووسڵ و دھۆک بەپارێزگای ھەولێر دەبەستێتەوە و دەکەوێتە سەر زێی گەورە کە بەناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگ و گەشتیاری ناسراوە لەبەر ئەوەی گەورەترین پڕۆژەی ئاودێری ھەیە و ناوچەیەکی دارستانی بەرفراوانی لێیە و سوودی گەشتیاریشی ھەیە.