Hamit Hüseyin
29 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2015
ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای ھەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆكی لقی ھەولێری سەندیكای پارێزەرانی هەرێم و ژمارەیەكی زۆری پارێزەرانی ھەرێم، سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بەیاننامەیەكی دەربارەی شەھید كردنی سەرۆكی پارێزەرانی دیاربەكر تاھیر ئاڵچی بڵاو كردەوە.
سەرۆكی لقی ھەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ئەیاد كاكەیی لە پرێس كۆنفرانسێكدا بەیاننامەكەی پارێزەرانی خوێندەوە و گوتی: "بەداخەوە لە كاتێكدا تاھیر ئاڵچی سەرۆكی پارێزەرانی ئامەد خەرێكی كۆنفرانس بووە بۆ ئەوەی بانگەشەی لایەنەكان بكات بۆ ئاشتی و سەقامگیری شارەكە و دووركەوتنە لە توندوتیژی و شەڕ و ئاشووب شەھید كرا. ناوبرا یەكێك بوو لە پارێزەرە ھەرە بەنێوبانگەكانی شاری ئامەد و تەنانەت توركیاش و نزیكەی ٢٥ ساڵە كاری پارێزەری دەكات و بەرگری لە مافی مرۆڤ كردووە و ئاشتیخواز بوو".
گوتیشی: "سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ئەوپەڕی خەمناكی و دڵتەنگی خۆی بۆ شەھیدكردنی ئاڵچی رادەگەیەنێت و، پرۆتستۆی ئەو كوشتنە دەكات و ئاواتەخوازە بە زووترین كات بكوژانی یاڵچی بگەن بە سزای خۆیان. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سەندیكای پارێزەرانی كوردستان پەیوەندی پتەوی لەگەڵ پارێزەرانی ئامەد ھەبووە و پارێزەر تاھیریش لە ئاستێكی باڵا بووە".
كاكەیی گوتی: "شەھید كردنی ناڕەوای ئاڵچی تیرێكی دیكە لە پرۆسەی ئاشتی و پێكەوە ژیان لە باكوور و ھیواخوازین خوێنی ئاڵچی ببێتە سەرچاوەی گەڕانەوەی مەنتق بۆ ھەموو لایەك كە زمانی شەڕ و كوشتن چارەسەری كێشەكان ناكات".