Azat Muhammet
12 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2017
دهۆک-AA
لە کەرەڤانەیەکى کەمپى حەسەن شام دەنگى گریانێکى بێ پچڕانى منداڵێکى شەش مانگى دەبیسترێت، منداڵێک لە سەرەتاى چاو هەڵهێنانى بەدونیا، دونیاى داعش لە ئامێزە گەرمەکەى دایک و ماچە پڕ سۆزەکانى باوکى دابڕاند.منداڵێک هێشتا تێنەگەیشتووە لەوەى چى لە دەورووبەر دەگوزەرێت، بەڵام هەستى بەوە کردووە کە لە باوەشى پڕ نازى دایکى دابڕاوە و دەنگى باوکیشى لە گوێیدا نەماوە.
عائیشە منداڵێکى تەمەن شەش مانگە دوێنێ لە تەقینەوەیەکى خۆکوژى لە رۆژهەڵاتى مووسڵ باوکى گیانى لە دەستدا و دایکى بەسەختى بریندار بووە، باوکى ئەو منداڵەیان بەخاک سپارد و تا ئێستاش دیار نییە دایکى لە کامە نەخۆشخانەیە ئاخۆ لە ژیاندا ماوە یان ئەویش عائیشە شەش مانگان و محەمەدى دوو ساڵانى جێهێشتووە، دواى تێپەڕ بوونى رۆژێک ئەمڕۆ هاووڵاتییانى مووسڵ ئەو دوو منداڵەیان گەیاندە سەنگەرەکانى پێشمەرگە، پێشمەرگەیش گەیاندیانە کەمپى سێڤ دینان دواتر بەپرسیار و هەماهەنگى زۆر توانرا داپیرى ئەو دوو منداڵە بێ دایک و باوکە لە کەمپى حەسەن شام بدۆزنەوە.
ئێستا ئەو دوو منداڵە لەلایەن داپیریان بەناوى خالیدە موحسن بەخێو دەکرێن. لە پاڵ ئەوەى ئافرەتێکى تەمەن ٧٥ ساڵە هەموو تواناى خۆى خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەى ئەو دوو نەوە بێ دایک و باوکەى بەخێو بکات، شەو و رۆژى خستووەتە سەریەک بەلایە لایە ژاندنى لانکى عائیشەى بێ دایک و باوک، لەگەڵ هەر گریانێکى ئەو منداڵە ساوایە داپیرى تێر بۆنى دەکات و لە ئامێزى دەگرێت، وەک بڵێى دەیەوێت بۆنى کوڕەکەى خۆى دەکات کە لە تەقینەوەى داعش گیانى لە دەستداوە.
ژیان و چیڕۆکى ئەو دوو منداڵە ساوایە وایکردووە ئیدارەى کەمپەکە درک بەوە بکات کە بەخێوکردن و گەورەکردنى ئەو دوو منداڵە بەتایبەت عائیشەى شیرەخۆر کارێکى وا ئاسان نییە. بۆیە مامەڵەیەکى تایبەتیان لەگەڵدا دەکەن و خزمەتگوزارى زیاتر پێشکەش بەداپیرى ئەو منداڵە دەکەن تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکى گونجاو بەخێوى بکەن. لە هەوڵیشدان لە رێگەى رێکخراوێکى پەیوەندیدار چارەسەرێک بۆ ئەو منداڵە شەش مانگانەیە بدۆزنەوە.
محەمەدى دوو ساڵان منداڵێکى چاو سەوزى قژ زەرد لە داپیرەى دوور ناکەوێتەوە و خۆى لە هیچ کەسێک نزیک ناکاتەوە بەحەپەساوى لە خەڵک دەڕوانێت، ترسێکى زۆرى لە دڵ نیشتووە، بەدەم خواردنى پارچە نانێک لەناو کەرەڤانەکەوە بەمات و مەلوولى دەخوڵێتەوە. دواى سووڕانەوە بەدەورى داپیرەى و لانکى خوشکە شیرەخۆرە بێ نازەکەى لە کۆشەیەکى کارەڤانە بەچاوێکى پڕ فرمێسک و نیگایەکى پڕ لە خەم خەوى لێدەکەوێت. دیار نییە لەو خەوەدا خۆشى باوەشى دایک و باوکى خۆى دەبینێت یان تەقینەوەکەى داعشى بۆ دووبارە دەبێتەوە.
داپیرى ئەو دوو منداڵە ساوایە بێ دایک و باوکە بەناوى خالیدە مەحسون لە رێگەى ئاژانسى ئانادۆڵو داوا لە هەموو جیهان و لایەنى پەیوەندیدار دەکات کە ئەو عائیشەى شیرەخۆر شایستانە بەخێو بکەن و دەڵێت "من وەک داپیرى ئەو دوو منداڵە هەموو توانایەکم خستووەتەگەڕ، بەڵام ئەوەى راستى بێت من تەندروستیم باش نییە و نەشتەرگەریم بۆ کراوە، لەوانەیە وەک پێویست نەتوانم ئەو منداڵانە بەخێو بکەم، بۆیە هیچ داواکارییەکم لە هیچ کەس و لایەنێک نییە تەنها بەخێوکردنى عائیشەى شەش مانگان نەبێت".
دەشڵێت "عائیشە لە گریانێکى بەردەوامدایە لە دۆخێکى تەندروست ناژیت، شەوو رۆژ بەدیارییەوەم ئەو هەر دەگرى شیرى دەستکرد و کێکى پێدەدەم، کەچى لە بێ دایک و بێ باوکیدا ناسرەوێت و منیش نازانم چۆن بۆشایی بێ دایکى ئەو پڕ بکەمەوە".
داپیرى ئەو دوو منداڵە ساوایە لەگەڵ ژاندنى لانکى نەوەکەى دەستى نزا و پاڕانەوە بۆ خوا بەرز دەکاتەوە و دەڵێت "خوایە گیان.. باوکى منداڵەکان گیانى سپارد و لە دەستمان چوو، خوایە بەگەورەیی خۆت بکەى بۆ خاترى ئەو منداڵە شیرەخۆرە بێ دایک و باوکە چارەنووسى دایکى منداڵەکانمان بۆ دیار بکەى. لە پێناو بەخێوکردنى ئەو منداڵانە بەسلامەتى لەو بێ سەروشوێنییە رزگارى بکەی".
محەمەد هایس و نور جاسم ئەو دایک و باوکە بوون کە لە گەڕەکى ئینتیسارى رۆژهەڵاتى مووسڵ نیشتەجێبوون خاوەنى دوو منداڵ بوون بەناوەکانى ئەحمەدى دوو ساڵان و عائیشەى شەش مانگان، دوێنێى لە ئەنجامى تەقینەوەیەکى خۆکوژى چەکدارانى داعش محەمەد هایس دەستبەجێ گیانى لە دەستدا و نور جاسم-یش دواى بریندار بوونى بە -سەختى بەبێ سەروشوێنى تا ئێستا لە چارەنووسێکى نادیار ماوەتەوە.